هێرشی چەکدارانەی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی خەڵکی ئاودانان

لە درێژەی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر خەڵکی ناڕازیی ئاودانان، ئەو هێزانە هێرشێکی چەکدارانەیان کردووەتە سەر بنەماڵەی پەژار مەلەکی، یەکێک لە چالاکانی سیا

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:٤٢


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

لە درێژەی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر خەڵکی ناڕازیی ئاودانان، ئەو هێزانە هێرشێکی چەکدارانەیان کردووەتە سەر بنەماڵەی پەژار مەلەکی، یەکێک لە چالاکانی سیاسیی ناسراوی ئەو شارە و بەم هۆیەشەوە ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە بە سەختی بریندار بووە و ئەندامانی دیکەی ئەو بنەماڵەیە کێشەی هەناسەکێشانیان بۆ هاتووەتە پێش.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١ی فێبریوەری ٢٠٢٣) هێزە حکوومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئاودانان هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی ناسراوی ئەو شارە بە ناوی پەژار مەلەکی و بەم هۆیەشەوە ڕۆخساری برایەکی ناوبراو بە سەختی بریندار بووە.


سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری ئاودانان، لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ بەهۆی گازی فرمێسکڕێژی هێزە حکوومەتییەکانەوە هەموو ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە تووشی کێشەی هەناسەکێشان بوون.


پەژار مەلەکی، یەکێک لە چالاکانی سیاسیی ناسراوی شاری ئاودانانە و سێ کتێب بە ناوەکانی "زندگی در تابوت‌های شرقی"، "آخرین وسوسە حسین" و "پیکر زنی در پیشگاە خوداوەند"چاپ و بڵآو کردووەتەوە.


ئەو هاووڵاتییە هەنووکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە و لەم دوایییانەشدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی ڕفاندن و تیرۆرکردنی لێ کراوە.


شایانی باسە کە پێشتریش داواکاری گشتیی شاری ئاودانان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی حکوومەت بۆ پارێزگای ئیلام پەژار مەلەکی وەکوو ڕێبەرێکی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە لەقەڵەم داوە و داوای لە لاوان کردووە لە گوول و فریوی ناوبراو نەخۆن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە