چاوپێکەوتنی نوێنەری هەنگاو لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی "پارێزگاری لە منداڵان" لقی نوروێژ

ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٧ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، کاوە حەسەنپوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی

٢٩ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٠٩:٥٤

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٩ی ڕیبەندانی ٢٧٢٢

ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٧ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، کاوە حەسەنپوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەردانی نوێنەرانی (Redbarna)، لقی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پارێزگاری لە منداڵان (save  the children) لە وڵاتی نوروێژ کرد.

لەم دانیشتن و چاوپێکەوتنەدا کە بە بانگهێشتی فەرمیی ڕێکخراوی ڕێدبارنا ئەنجام درا، گونور کناگ فیلکسنس، بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکان و نیکا سیدگورد، بەرپرسی بەشی منداڵانی ئەو ڕێکخراوەیە بەشدار بوون.

لە سەرەتای دانیشتنەکەدا کاوە حەسەنپوور، سەرەڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی گشتی لەسەر مافی مرۆڤی لە ئێران، باسێکی تایبەتیشی لەسەر ڕفاندنی منداڵان لە کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە پێشکەش کرد.

لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا بڕیار درا ئەو ڕێکخراوە نوروێژییە وێڕای گەیاندنی نیگەرانییەکانی هەنگاو بە ئاستی باڵای سیاسیی وڵاتی نوروێژ، ڕاپۆرتی ڕفاندنی منداڵانی کوردستان بپێشکەش بە شوێنە پێوەندیدارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.

هەروەها نوێنەری هەنگاو وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی منداڵانی بنەماڵە ڕۆژهەڵاتییەکانی دانیشتووی کەمپە پەنابەرییەکان لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بەردەوامیی هەڕەشە و هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئەو کەمپانە، ئەو ڕێکخراوەیە ئاگادار کردەوە و داوای لێیان کرد کە هاوکاریی منداڵانی دانیشتووی ئەو کەپمانە بکەن.

لە کۆتاییی ئەم دیدار و دانیشتنەدا هەردوو لایەن جەختیان لەسەر بەردەوامیی پێوەندییەکانی خۆیان کردەوە تاکوو بە هاوکاریکردنی یەکتر باشتر بتوانن پرسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بگەیەنن بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئورووپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە