ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی محەممەد شەمس، لاوی ڕفێندراوی خەڵکی خۆی؛ لە نەخۆشی و ئەشکەنجەی دڕندانە هەتا سزای ٦ ساڵ بەندکران

محەممەد شەمس، خەڵکی شاری خۆی، دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری ساری، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەی سەخت، نەخۆشی درێژخایەن و هەڵس

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٠٩:٢٤


هەنگاو: پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

محەممەد شەمس، خەڵکی شاری خۆی، دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری ساری، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەی سەخت، نەخۆشی درێژخایەن و هەڵسوکەوتی دوور لە ڕێزی فەرمانبەرانی بەندیخانەی ساری، سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد شەمس، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) لە حاڵێکدا بێ ڕێزی و سووکایەتییەکی زۆری پێکراوە لە بەندیخانەی "تیرکلا"ی ساری بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.


بەوتەی شایەتحاڵان، ناوبراو لە کاتی گواستنەوەی لە بەندیخانەی ساری، هەر دوو دەست و قاچی بە دەستبەند و پێ بەند و لە کاتێکدا کە دەستبەند و پێ بەندەکەی لە ڕێگەی کێبڵەوە پێکەوە گرێ درابوون بسترابوونەوە.


جێگای ئاماژەیە کە، محەممەد شەمس، حەوتووی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


هەروەها، بنەماڵە و نزیکانی محەممەد شەمس توانای دابینکردنی بارمتەی قورسی ١ ملیار تمەنی دیاریکراو بۆ ئازادی کاتیی ناوبراویان، نییە.


لە کاتێکدا کە، محەممەد شەمس، نەخۆشی درێژخایەنی گرێی مێشکی هەیە؛ لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر کیمیایی بێ بەرییە.


ناوبراو لە ڕەوتی دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەدا، لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا چوار ددانی لەدەست داوە.


محەممەد شەمش دانیشتووی شاری ساری بووە و سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە ڕەوتی شۆڕش و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و بۆ بەندیخانەی تیرکەلای ئەو شارە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە