کوژرانی لاوێکی خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکا، ن بە گومانی نووسینی دروشم

لاوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی موختار فەتحی، بە گومان و وابێژیی "نووسی دروشم"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە

٢٩ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٣:١٥


هەنگاو: شەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

لاوێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی موختار فەتحی، بە گومان و وابێژیی "نووسی دروشم"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە و ناوەندە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەشی کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بڵاو بکرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٨ی فێبریوەریی ٢٠٢٣)، موختار فەتحی، لاوێکی خەڵکی شاری سەقز لە کاتێکدا لەگەڵ دوو هاوڕێیدا لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە نزیک ماڵەکەی خۆیاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی گەشتی کەڵانتەری ١٢ی حکوومەت لە شاری سەقز، چووەتە پاڵ ئەو ئۆتۆمبێلەی کە موختار فەتحی و هاوڕێکانی تێدا بوون ڕاوستاوە و چەکدارێکی هێزەکانی حکوومەت لە مەودای ٢ مەترییەوە تەقەی لەو هاووڵاتییە کردووە و بە هۆی پێکرانی ملییەوە، گیانی لەدەست دا.


شایانی باسە کە ئۆتۆمبێلی هێزە حکوومەتییەکان خێرا ئەو شوێنەیان بەجێ هێشتووە و تەرمی موختار فەتحی لەلایەن خەڵکەوە بۆ نەخۆشخانەی "شەفا"ی سەقز گواستراوەتەوە.


ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆی ئەمنییەتییەوە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ناوەندە حکوومەتییەکان وابێژیی ئەوەیان کردووە کە موختار فەتحی لە ماوەی شەوانی ڕابردوودا بە دژی حکوومەت دروشمی نووسیوە و ناسێندراوەتەوە، بەڵام پاش دوو کاتژمێر ئەو هێزانە بە بنەماڵەکەی ئەو هاووڵاتییەیان وتووە؛ ئێمە بەهەڵە لە کوڕەکەی ئێوەمان داوە و تەنانەت هەڕەشەیان لەو بنەماڵەیە کردووە کە نابێت هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان بڵاو ببێتەوە و نابێت ئەو بنەماڵەیە لەو پەیوەندییەدا قسە بۆ میدیاکان بکەن".


موختار فەتحی، خەڵکی گوندی "درویان"ی سەر بە شاری سەقز و دانیشتووی خودی ئەو شارەیە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە