کوژرانی ژنێکی لاو بە دەستی مێردەکەی لە ئورمیە

ژنێکی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس و دانیشتووی شاری ئورمیە بە ناوی مەعریفەت (مایفەت) کەریمی و تەمەن ٢٩ ساڵ، لەلایەن مێردەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لێی دراوە و بە

٢٩ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:٠٢


هەنگاو: شەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

ژنێکی لاوی خەڵکی شاری سەڵماس و دانیشتووی شاری ئورمیە بە ناوی مەعریفەت (مایفەت) کەریمی و تەمەن ٢٩ ساڵ، لەلایەن مێردەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لێی دراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١۶ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی "حەسبەشە" سەر بە شاری سەڵماس و دانیشتووی شاری ئورمیە، بە ناوی مەعریفەت (مایفەت) کەریمی لەلایەن مێردەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لێی دراوە و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە و هەروەها بەهۆی خەفەبوونەوە، گیانی لەدەست داوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی کەریمی، مەعریفەت کەریمی دایکی منداڵێکی پێنج ساڵەیە و لەسەر ئەوەی کە ناڕازی بووە کە مێردەکەی بە ناوی جەعفەر خیشکار ژنێکی دیکە بخوازێت، لەلایەن مێردەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە لێی دراوە و بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.


ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە درێژەی قسەکانی بۆ هەنگاو وتی: "ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەی مەعریفەت دیار بووە و تەواو جەستەی شین بووەتەوە و سەرەڕای ئەوەش، پزیشکی دادوەری مردنی ئەو ژنە لاوەی بەهۆی خەفەبوونەوە پشتڕاست کردووەتەوە".


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ پاش ئەوەی کە بنەماڵەی کەریمی لەسەر کوژرانی کچەکەیان سکاڵایان تۆمار کردووە، جەعفەر خیشکار، هاوژینی مەعریفەت کەریمی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دۆسیەکەیان کراوەیە.


شایانی باسە کە تەرمی مەعریفەت کەریمی، ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕێبەندان، لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و هەر ئەو ڕۆژە لە گوندی لەدایکبوونی خۆی ئەسپەردە کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە