گێڕانەوەی شایەتحاڵان لە بارەی ژاراویبوونی قوتابییانی دوو قوتابخانەی سەرەتاییی کرماشان

قوتابییان و کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەری دوو قوتابخانەی سەرەتاییی کچانەی "یاسین" و "شەهیم" لە شاری کرماشان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژاراوییەوە دۆخی تەندر

٨ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٦:٤٢


هەنگاو: دووشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

قوتابییان و کۆمەڵێک مامۆستا و فەرمانبەری دوو قوتابخانەی سەرەتاییی کچانەی "یاسین" و "شەهیم" لە شاری کرماشان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژاراوییەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە. ئەو ڕووداوە پاش ژاراویبوونی زەنجیرەییی کچانی قوتابی لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا ڕووی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٦ی فێبروەری ٢٠٢٣)، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ژاراوی، کۆمەڵێک لە مامۆستا و فەرمانبەر و هەروەها قوتابی لە دوو قوتابخانەی سەرەتاییی کچانەی "یاسین" و " شەهیم" لە شاری کرماشان ژاراوی بوون.

شایەتحاڵان لەسەر ئەم ڕووداوە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە: "سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم گازە، شتێکی هاوشێوەی کەپسوول بووە".

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو؛ ئەو کەپسوولە لە پۆلەکانی قوتابخانەی سەرەتاییی "یاسین" بیندراوە و گازێکی بێ ڕەنگ و بۆی لێ بڵاو بووەتەوە.

ڕێژەی بڵاوبووەنەوە و بەریناییی کاریگەریی ئەو گازە، بە "هێدی هێدی دزەکردن" لە ئاستێکدا بووە کە جیا لە قوتابییانی ئەو پۆلەی قوتابخانەی "یاسین"، ئەو کەسانەش کە لە پێشخانەی قوتابخانەکەدا بوون ژاراوی بوون و خێرا بۆ ناوەندە فریاکەوتن و دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایشیگەیاند؛ هێزەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان زۆر بەخێرایی ڕژاونەتە شوێنی ڕووداوەکە و قوتابییان و فەرمانبەران و مامۆستایانی قوتابخانەکانیان خستووەتە ژێر گوشار و پێیانیان وتوون کە دەبێت ڕابگەیەنن هۆکاری ئەم ڕووداو و، تەقینەوەی شۆفاژ (کەرەستەی گەرمکەرەوە) بووە.

دیاردەی ژاراویبوونی قوتابییان، یەکەم جار لە ١٩ی سەرماوەز و لە قوتابخانەیەکی کچانەی شاری قوم ڕووی دا. لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین ڕووداوی هاوشێوە لە شارەکانی دیکە وەک بروجێرد، تاران، ئەردەبێل و هەنووکەش لە کرماشان ڕووی داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەم پێوەندییەدا لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکات و ڕای گشتی لەسەر وردەکاری و زانیارییەکانی ئاکامی لێکۆڵینەوەکەی ئاگادار دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە