ئەشکەنجەی کیانووش ئەعزەمی، مێرمنداڵی خەڵکی جوانڕۆ و سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر ناوبراودا

کیانووش ئەعزەمی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا دەستبەسەر و ئ

٢٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢١:٢٦

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

کیانووش ئەعزەمی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا دەستبەسەر و ئەشکەنجە کراوە.  ناوبراو هێشتا نەگەیشتووەتە تەمەنی یاسایی، سزای ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەریدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابروودا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای "تاوانەکان ـ٢" لە شاری جوانڕۆ بە تۆمەتی "ئاژاوەگێڕی و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ١٠ مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی بەسەر ئەو مێرمنداڵەدا سەپاوە.

شایانی باسە کە کیانووش ئەعزەمی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی جەماوەریی ئەم دوایییانەی جوانڕۆ و ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە مێرمنداڵە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا ئەشکەنجەی جستەیی و دەروونی کراوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییردنەکەی ئازاد کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە