جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە نهێنی لە بەندیخانەی ئەراک

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری چەرداوەڵ سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی سەلمان موئمنی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان بە سەرید

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١١:١٤


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری چەرداوەڵ سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی سەلمان موئمنی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان بە سەریدا سەپابوو، بە نهێنی لە بەندیخانەی ئەراک جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (۵ی مارسی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی سەلمان موئمنی، تەمەن ٣۶ ساڵ و خەڵکی شاری چەرداوەڵ سەر بە پارێزگای ئیلام بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرا.


سەلمان موئمنی، چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندیدار مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراوە و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موئمنی، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی و دوایین چاوپێکەوتنی ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی بووە.


شایانی باسە کە سزای سێدارەی مەهدی نوورکەرەمی، پورزای سەلمان موئمنی کە پێکەوە و بە تۆمەتێکی هاوشێوە دەستبەسەر کرابوون، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرابوو.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە