شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد خەڵکی بۆکان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، لە دەستبەسەرگەی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئورمیە لەژێ

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٩:١٨


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، لە دەستبەسەرگەی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئورمیە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١۵ی مارسی ٢٠٢٣)، شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە مانگێک پێش ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ئورمیە ڕفێندرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا گیانی لەدەست داوە.


بە وتەی سەرچاویەکی ئاگادار، ناوەندە حکوومەتییەکان ڕۆژی ڕابردوو پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە بنەماڵەی ئەحمەدی‌نژادەوە گرتووە و ڕایانگەیاندوو کە بۆ ئازادیی کاتی کوڕەکەیان بارمتە دانێن، بەڵام ئەمڕۆ بەو بنەماڵەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان گیانی لەدەست داوە و هۆکاری مردنەکەشیان جەڵتەی دڵ لەقەڵەم داوە.


سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی‌نژاد بە هەنگاوی ڕایگەیاند: "ئێمە لە ڕێگەی سەرچاوەی جێگای متمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە شێرزاد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە و ناوەندە حکوومەتییەکان تا هەنووکە ئامادە نین تەرمی شێرزاد ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە".


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد، ڕۆژی چوارشەممە، ٢۶ی ڕێبەندان (١۵ فێبریە)، هاوڕێ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوی خالق محەممەدنژاد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە گواستراونەتەوە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی خالق محەممەدنژاد لە بەردەستدا نییە.


شایانی باسە کە شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد لە نۆزدەیەمین ڕۆژی دەستبەسەربوونیدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا گرتووە و ئەوانی ئاگادار کردووەتەوە کە لە دەستەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە ڕاگیراوە.


شێرزاد ئەحمەدی‌نژاد تەمەنی ٤١ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە