ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا

ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر برینداربوونی زیاتر لە ٤٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا

13:21 - 21 March 2023


هەنگاو؛ سێشەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شارە جیاوازەکانی کوردستان خەڵک دروشمی دژە حکوومەتییان وتووەتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی، کە هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت لە وەڵامدا خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژ و بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتیی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆتایییەکانی شەوی دووشەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ و کاتژمێرە سەرەتایییەکانی سێشەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە شارەکانی مەهاباد، بوڵواناوا سەر بە دێولان، سەقز و سنە خەڵک کە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕژابوونەوە سەر شەقامەکان، درانە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و زیاتر لە ٤٠ کەس برینداربوون.

بەپێی ئەو ڤیدیۆییانەی لە شاری مەهابادەوە دەستی هەنگاو گەیشتوون، لە سەرەتاکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ خەڵک کە دروشمی "شەهید نامرێت" و "ژن، ژیان، ئازاد"یان دەوتەوە داوەتە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتی برینداربوون. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو زۆرترین بریندارەکان ژن و منداڵ بوون.

هەروەها، لە شاری سەقز و بەتایبەتی لە گەڕەکی کەریم ئاوای ئەم شارە، سەرەڕای فڕێدانی گازی فرمێسک ڕێژ، هێزەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کردووە، کە هەنگاو برینداربوونی ٩ کەس پشتڕاست دەکاتەوە کە ٢ کەسیان ژن بوون.


لە شارۆچکەی بوڵواناوا سەر بە شاری دێولان هێزەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد کە بەهۆیەوە لانی کەم ٣ کەس بریندارکران. شیاوی ئاماژەپێدانە کە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە خەڵکی دێولان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە داخستنی ڕێگاکان و لێدانی هۆڕن بە شێوەیەکی بەردەوام پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی بڵواناوا و ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرانبەر توندوتیژیی و سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی حکومەت دەربڕی.


هێزەکانی حکوومەت لە چەند گەڕەکێکی شاری سنە هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان چەندین هاووڵاتیی بریندارکراون.