بریندارێکی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری سنە بەهۆی سەختیی برینەکانیەوەە گیانی لەدەست دا

محەممەد ئاریان خۆشگوار، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٥:٢٢


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

محەممەد ئاریان خۆشگوار، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بریندار کرابوو، پاش چوار مانگ مانەوە لە ناوەندە دەرمانییەکان کە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ محەممەد ئاریان خۆشگوار، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەو شارە لە مانگی خەزەڵوەردا لەلاین هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بریندار بوو و پاش نزیک بە چوار مانگ کە لە یەکێک لە دەرمانییەکانی شاری تاران لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، شەوی سێشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١٤ی مارسی ٢٠٢٣) بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢۶ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی چوار کەس لە گیانبەختکردووانی ئەو شارە بریندار کرا و بۆ چارەسەریی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە و لەوێشەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری تاران گواستراوەتەوە.


بە وتەی شایەتحاڵانی تاوانەکە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە چەقۆ چەندین جار لە سەر و شوێنە هەستیارەکانی جەستەی ناوبراو دراوە و بە گومانەی ئەوەی کە کوژراوە، پاشان وازیان لێ هێناوە.


تەرمی محەممەد ئاریان خۆشگوار، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە (١۵ی مارس) لەژێر چاوەدێری و میلیتاریزەی چڕوپڕی هێزە حکوومەتییەکاندا لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی شاری سنە ئەسپەردە کراوە و ناوەندە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی خۆشگوار کردووە کە نابێت کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە و لەگەڵ هیچ میدیایەکشیدا نابێت وتووێژ بکەن.


بە تۆمارکردنی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە و بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، لانی کەم ١٣۵ هاووڵاتی کورد لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە