دوو مانگ و نیو بەسەر دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەی بەردەوامی زەکەریا تەعەقوب، خەڵکی بۆکان تێدەپەڕێت

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی زەکەریا تەعەقوب، زیاتر لە دوو مانگ و نیوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە و لەژێر ئەشکەنجەی بەردەوامدایە.

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٠:٤٠


هەنگاو: سێشەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی زەکەریا تەعەقوب، زیاتر لە دوو مانگ و نیوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە و لەژێر ئەشکەنجەی بەردەوامدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەکەریا تەعەقوب، تەمەن ٢٤ ساڵ کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرابوو، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا لە ئورمیە ڕاگیراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە حکوومەتییەکان هەتا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاووڵاتیییە بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی تەعەقوب، لەمبارە بەهەنگاوی ڕایگەیاند: "زەکەریا تەعەقوب لە ماوەی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدایە."

زەکەریا تەعەقوب شەوی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە بۆکان ڕفێندرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە کرا و لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر بێ بەری بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە