دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکردنەکەیان دەستبەسەرکران

دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ئەنوەر شێخە و ڕەحمان قادری کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێند

٥ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٧:٠٣


هەنگاو؛ شەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی ئەنوەر شێخە و ڕەحمان قادری کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٨ی مارسی ٢٠٢٣) ڕەحمان قادری و ئەنوەر شێخە، هەردووک خەڵکی گوندی "پەسوێ" سەر بە پیرانشار، دوای بانگکرانیان بۆ ژووری جێبەجێکردنی سزاکان لە پیرانشار، دەستبەسەرکران و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکانیان بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە گواسترانەوە.

هاوینی ڕابردوو، سزای ٢ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردن لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات" بەسەر ئەنوەر شێخەدا سەپێندرا.

هەروەها ڕەحمان قادری، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات" سزای ٢ ساڵ و حەفت مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژی لەلایەن دادگای ناوبردووەوە بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لە خەرمانانی ٢٧٢٢ بەناوبراو ڕاگەیێیندراوە و بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین ماوە سزای سەپێندراو بەسەر ڕەحمان قادریدا شیاوی جێبەجێکردنە.

ئەنوەر شێخە ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ئورمیە گواسترابووەوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١، دوای زیاتر لە ٤ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.

ڕەحمان قادری ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١، دوای بانگهێشتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ئورمیە گواستراوە کە دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کرا.
ئەم چالاکە کوردە، دوای یەک مانگ دەستبەسەر و ئەشکەنجەکران ڕۆژی شەممە ٢٢ی ڕەشەممە، بەدانانی بارمتەی ١ ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە