دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەک بەهۆی ناڕەزایەتی لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کرماشان

هاووڵاتییەک بە ناوی مەهدی جەمشیدی خەڵکی شاری کرماشان، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانە و قوتابییان، لەلایەن هێزە حک

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٠:٥٩


هەنگاو: سێشەممە، ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

هاووڵاتییەک بە ناوی مەهدی جەمشیدی خەڵکی شاری کرماشان، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانە و قوتابییان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مەهدی جەمشیدی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری کرماشان و کرێکاری بیناسازی، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیی ئەو شارە لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، لە بەردەم بەڕێوەبەریی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکوومەتییەکان پاش دەستبەسەرکردنی مەهدی جەمشیدی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و بنەماڵەکەی و دەستیان بەسەر سەرجەم کەلوپەل و کەرستە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.


مەهدی جەمشیدی، دوای بانگەوازی گشتی بۆ ناڕەزایەتی لەسەر هێرشی کیمیایی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، لەنێو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە