سزای سێدارەی لاوێکی خەڵکی ڕوانسەر لە بەندیخانەی کرماشان بە نهێنی جێبەجێ کرا

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوی ئارمین حەیرانی و تەمەن ٢٠ ساڵ کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بەسەریدا سەپابوو، ل

٢٠ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٠:٣٩


هەنگاو: هەینی، ١٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوی ئارمین حەیرانی و تەمەن ٢٠ ساڵ کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بەسەریدا سەپابوو، لە ماوەی ڕابردوودا بە نهێنی لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی کانی پەموو"ی سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی ئارمین حەیرانی و تەمەن ٢٠ ساڵ، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە لە ساڵی ٢٧٢١ و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەریدا سەپاوە و دواتر بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند؛ ئارمین حەیرانی لە کاتی تاوانەکەیدا تەمەنی ١٨ ساڵ و ٤ مانگ بووە.

ناوبراو لە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتەدا بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە