سولەیمان عەبدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز و لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلا

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٤:٥٥


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سەقز و لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١٩ی مارسی ٢٠٢٣)، مامۆستایەکی قوتابخانە بە ناوی سولەیمان عەبدی و خەڵکی شاری سەقز، لە شوێنی کارەکەی خۆی و لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکوومەتییەکان پاش دەستبەسەرکردنی ناوبراو، وێڕای پشکنینی شوێنی کارەکەی، باخی براکەشیان پشکنیوە.

هەروەها ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی ئەو مامۆستایە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی خۆی و بنەماڵەکەیەدا گرتووە و لاپتۆپ و مۆبایلی خۆی، هاوژینەکەی و منداڵەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی ئەو مامۆستایە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە