سینا کاکی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی کرماشان سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا

سینا کاکی، خەڵکی شاری کرماشان کە پێشتر لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی کرماشان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کراب

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٤:٠٦


هەنگاو: یەکشەممە، ۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

سینا کاکی، خەڵکی شاری کرماشان کە پێشتر لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی کرماشان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی حکوومەت لەو شارە سزای بەندکردن، قەدەغەبوونی چوونە دەرەوەی لە ئێران و بێبەری لە ئەندامەتی ڕێکخراوەکانی بەسەریدا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سینا کاکی، خەڵکی شاری کرماشان لەلایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای حەفت مانگ بەندکردن و هەروەها سزای ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوەی ناوبراو لە ئێران و بیبەری لە ئەندامبوون لە گرووپ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەسەریدا سەپێندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سینا نادری، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری کرماشان، لە گەڕەکی "دەرەدرێژ"ی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوا گواستراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و ۶ی بەفرانباری هەمان ساڵ، جارێکی دیکە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی کرماشان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستەسەر کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە