سەپاندنی سزای ٤٠ مانگ بەندکردن بەسەر شیلان کوردستانی، چالاکی مافەکانی ژنان

شیلان کوردستانی، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، سەرجەم سزای ٤

٥ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢١:١٨


هەنگاو؛ شەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

شیلان کوردستانی، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، سەرجەم سزای ٤٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شیلان کوردستانی، وەرگێڕ و چالاکی مافەکانی ژنان لە کۆتاییی مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ و لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی گرووپی نایاساییی ژیوانۆ" سزای دوو ساڵ و ٩ مانگ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ٧ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم بڕیارە و یاسای کۆکردنی سزاکان، زۆرترین سزا واتە سزای ٣٣ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت و هەنووکەش بۆ سێ ساڵ هەڵپسێردراوە.

ئەو چالاکەی مافەکانی ژنان، ڕۆژی یەکشەممە، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، پاش ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی دایەگەورەی و لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتەوە ڕفێدراوە.

شیلان کوردستانی پاش دوو حەفتە دەستبەسەربوون لەو ناوەندە حکوومەتییە، بە دانانی بارمتە تا کۆتاییی دادگاییکردکەی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە