سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد سێ حەوتوو دوای ئازادکرانی دووبارە دەستبەسەرکرایەوە

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی قووچان، کە لەم دواییانەدا بەر لێبوردنی گشتی کەوت و لە بەندیخانە ئازاد کرا. بۆ جارێکی دیکە لە شاری ت

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢٣:٣٨


هەنگاو: سێشەممە ٧ی مارسی ٢٠٢٣


سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و خەڵکی قووچان، کە لەم دواییانەدا بەر لێبوردنی گشتی کەوت و لە بەندیخانە ئازاد کرا. بۆ جارێکی دیکە لە شاری تاران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی سێشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٧ی مارسی ٢٠٢٣) سەکینە پەروانە، خەڵکی قوچان، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ماڵی یەکێک لە هاوڕێیانی لە تاران دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە دوای ڕفاندنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و چارەنووسی ناڕوونە.


سەکینە پەروانە، تەمەن ٣١ ساڵ، شەوی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە کاتێکدا چوارەمین ساڵی بەندکرانی تێدەپەڕاند، بەر لێبوردنی گشتی کەوت و لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد ئازادکرا.


ناوبراو ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ لەکاتی گەڕانەوەی لە باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە شاری تاران گواستراوە.


ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران سزای پێنج ساڵ بەندکران و مافی بوون بە ئەندام لە گرووپ و دامەزراوە سیاسییەکانی بۆ ماوەی دوو ساڵ لێ قەدەغەکرا.


ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی مەریوان، سنە، تاران، بەندیخانەی ئێڤین، بەندیخانەی قەرچک ورامین و قووچان بەندکراوە و لەم ماوەی بەندکرانیدا چەند جارێک مانی لەخواردن گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە