مورتەزا محەممەدی بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە براکەی، مانی لە خواردن گرت

مورتەزا محەممەدی، خەڵکی سنە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ناڕوونی چارەنووس، دەستبەسەرکرانی و ئەشکەنجە کرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات، لە دەستبەسەرگەی ئ

١٠ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٠:٣٣


مورتەزا محەممەدی، خەڵکی سنە بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ناڕوونی چارەنووس، دەستبەسەرکرانی و ئەشکەنجە کرانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات، لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە مانگرتن لە خواردنی دەست پێکرد. ناوبراو برای سیروان محەممەدییە، کە لەم دواییانەدا بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٢٠ی فێبریوەری ٢٠٢٣) مورتەزا محەممەدی، تەمەن ٢٨ ساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە مانی لە خوارد گرتووە.

مورتەزا محەممەدی بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گوشار و ئەشکەنجە کرانی بەردەوامی خۆی و براکەی، سیروان محەممەدی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە مانی لەخواردن گرتووە. ئەم ناوەندە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی براکەی سیروان، گوشارێکی زۆری لەسەر مورتەزا محەممەدی دروستکردووە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە ژێر ئەشکەنجەدایە.

هەنگاو زانیویەتی کە سیروان محەممەدی لە ڕۆژی دووشەممەوە ٧ی ڕەشەممە، لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە. ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەبنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، کە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ژێر ئەشکەنجەدا سیروان محەممەدی تاوانی "شکاندنی کامێراکانی چاودێری بەشی خوراوەی شار" و "داخستنی شەقامەکانی شاری سنە"ی وەئەستۆ گرتووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، سەرەڕای لێدان و ئەشکەنجە کرانی ناوبراو، بۆ جاری دووەم لوتی ناوبراو شکێندراوە.

بەهۆی ئەم گوشار و ئەشکەنجانەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەرامبەر ئەم دوو برایە، بنەماڵەی محەممەدی سکاڵایەکیان پێشکەشی دادگای سەربازی کردووە کە هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

سیروان محەممەدی، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ بۆ جاری دووەم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، لە هێرشێکی چەکدارانەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر گەڕەکی حاجیاوا، ڕفێندرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرابوو و بۆ قەرارگای شەهرامفەر گواسترابووەوە. ناوبراو لە ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرابوو.

مورتەزا محەممەدی، ڕۆژی دوو شەممە، ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لە گۆڕەپانی دایکی شاری سنە و لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕاگیراو ڕفێندرا. ناوبراو دواتر بۆ قەرارگای شەهرامفەری ئیتلاعاتی سوپا گواسترابووە و لە ئێستادا لەم دەستبەسەرگەیەدا ڕاگیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە