ناڕوونیی چارەنووسی سولەیمان عەبدی، مامۆستای دەستبەسەرکراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە حەفتەیەک لە ڕفاندنی سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان - لقی سەقز، تاکوو

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٥:٢٢


هەنگاو: هەینی، ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە حەفتەیەک لە ڕفاندنی سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان - لقی سەقز، تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سولەیمان عەبدی، مامۆستای دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان - لقی سەقز، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی وزارەتی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراوە، لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و هەنووکەش چارەنووسی ناڕوونە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بنەماڵەی عەبدی، وەزارەتی ئیتلاعات لە سەقز، لە وەڵامی بەداداچوونی هاوکارانی ناوبراو و بنەماڵەی عەبدی لەسەر چارەنووسی ئەو مامۆستایە، زنیاریی هەڵەیان پێیان داوە و هەر جارێک کە سەردانیان کردووە، شتێکی جیاوازیان پێیان وتوون و تاکوو ئێستە هیچ زانیاییەکی دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو مامۆستایەیان بە بنەماڵە و هاوکارانی نەداوەتەوە.


لەم پێوەندییەدا وەزارەتی ئیتلاعات چەند ڕۆژ پاش ڕفاندنی ئەو مامۆستایە بە بنەماڵەکەیان ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ڕفاندنی سولەیمان عەبدی بەشداریی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ژینا ئەمینی بووە.
سولەیمان عەبدی، ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، لە شوێن کارەکەی و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


هەنگاو پێشتریش ڕایگەیاند؛ هێزە حکوومەتییەکان پاش دەستبەسەرکردنی ناوبراو، وێڕای پشکنینی شوێنی کارەکەی، باخی براکەشیان پشکنیوە.


هەروەها ئەو هێزانە پاش دەستبەسەرکردنی ئەو مامۆستایە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر کەلوپەل و کەرەستە تاکەکەسییەکانی خۆی و بنەماڵەکەیەدا گرتووە و لاپتۆپ و مۆبایلی خۆی، هاوژینەکەی و منداڵەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە