نیگەرانیی هەنگاو سەبارەت بە بارودۆخی زانیار توندڕەو یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا و ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە

زانیار توندڕەو، کە لە ڕەوتی سەرکوتی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بریندارکرابوو و ڕێگای ئەورووپای گرتبووە بەر، لەگەڵ بنەماڵەکەی لە یەکێک ل

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٠:٣٣


هەنگاو؛ هەینی ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

زانیار توندڕەو، کە لە ڕەوتی سەرکوتی شۆڕشی ژینا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بریندارکرابوو و ڕێگای ئەورووپای گرتبووە بەر، لەگەڵ بنەماڵەکەی لە یەکێک لە کەمپەکانی تورکیا لە دۆخێکی دژواردایە. ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە سەرەڕای مەترسی ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی، لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بنەماڵەی شەش کەسی زانیار توندڕەو، دوای گەڕاندنەوەیان لەلایەن هێزەکانی ناتۆ لە ناوچە ئاوییەکانی یۆنانەوە بۆ تورکیا، لە دۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن و لە یەکێک لە کەمپەکانی ئەو وڵاتە جێگیرکراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی زانیار توندڕەو، ئەم بنەماڵە کە لە ئێستادا لە کەمپێک لە پارێزگای "موغلا" جێگیرکراون، ئەگەر دیپۆرت کردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە.


بەوتەی ئەم سەرچاوە، لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردووەوە و دوای جێگیرکرانی ئەم بنەماڵە لە کەمپ زانیار لە دەست ڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە.


ئەم بنەماڵە ڕۆژی ٥ی خاکەلێوە لە ڕێگای ناوچە ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان بەرەو ئەورووپا کەوتوونەتە ڕێ، کە دوای بڕینی مەودایەکی ٧٢ کاتژمێری لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە بۆ یەکێک لە دوورگەکان گەڕێندراونەتەوە.


لە درێژەدا، هێزەکانی ناتۆ، بەلەمی هەڵگری ئەم بنەماڵەیان ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کردووە و پۆلیسی تورکیا ئەوانی ڕەوانەی پارێزگای "موغلا" کردووە.


زانیار توندڕەو، لە خەزەڵوەری ٢٧٢٢ و لە پیرانشار بەهۆی بەرکەوتنی بە گوللەی هێزەکانی حکوومەت بینایی چاوی ڕاستی لەدەست داوە، هەروەها ٥٠ لە سەد بینایی چاوی چەپی لەدەست داوە و نزیکەی ٨ ساچمە بەر دەموچاوی کەوتووە کە هەتا ئێستا دەرنەهێندراون. دەست ڕانەگەیشتنی زانیار بە دەرمانەکانی ئەگەری لەدەست دانی بینایی چاوی زۆرتر کردووە و کێشەی جددی بۆ سەر گیانی دروست دەکات.


لە لایەکی دیکەوە، دیپۆرتی چەند کەس لە هاوسەفەرانی ئەم بنەماڵەیە بۆ باشووری کوردستان ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەم بنەماڵەیەی بۆ ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆرتر کردووە.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی زانیار توندڕەو، داوا لە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بەتایبەت ڕێکخراوەکانی چاودێر بەسەر مافی پەنابەراندا دەکات، کە ڕێگری لە دیپۆرتکردنەوەی زانیار توندڕەو و پشتیوانی هەمە لایەنەی لێ بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە