هوشداریی هەنگاو سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهمی ، دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام درا

مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ڕۆژی ڕابردوو لە بەندی بەندکراوە سیاسی و مەزهەیبیی ناوەندیی حکوومەت لە ئورم

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٣:٢٩

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ٢۵ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ڕۆژی ڕابردوو لە بەندی بەندکراوە سیاسی و مەزهەیبیی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواسترابوویەوە، ئەمڕۆ بۆ دواهەمین جار ڕێگەیان پێ دا کە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا چاوپێکەوتن و دیداری هەبێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢۵ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١۶ی مارسی ٢٠٢٣)، بنەماڵەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە بۆ دواهەمین جار ڕێگەیان پێ دا کە لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبێت و بەرپرسانی بەندیخانە ڕایانگەیاندووە کە سزای سێدارەی ناوبراو لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.

 

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ڕابردوو بە بیانووی ڕەوانەکردنی بۆ دادگا، لەلایەن نووسینگەی پاسەوانیی بەندیخانەوە بانگ کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گواستراوەتەوە.

 

بەگوێرەی ئەوەی کە بڕیاری لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی یەکلایی بووەتەوە، مەترسیی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییە زۆرتر لە ئارادایە.

 

هەنگاو وێڕای نیگەرانیی خۆی لەسەر مەترسیی سەر گیانی ئەو هاووڵاتییە، داوا لە سەرجەم ناوەند، ڕێکخراو، کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات کە بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە و ڕزگارکردنی گیانی ناوبراو هەموو هەوڵەکانیان بخە گڕ.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ”ی سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.

 

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨) بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩(١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١٠ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە