هەوڵی خۆکوشتنی ڕەسووڵ کەریمی یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئیلام لە بەندیخانەی ئەو شارە

ڕەسووڵ کەریمی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە شاری ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆ

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٠٩:٣٨


هەنگاو: سێشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

ڕەسووڵ کەریمی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە شاری ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆی، لە بەندیخانەی ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١٣ی مارسی ٢٠٢٣)، ڕەسووڵ کەریمی، هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری ئیلام لە شۆڕشی ژینا، بە خواردنی حەب و دەرمان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی دا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بەردەوامیی ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لەو بەندیخانەیە و دژایەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان بە ئازادیی کاتی ناوبراو، هەوڵی خۆی کوشتنی داوە. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بۆ لقی ٣ی لێپرسینەوەی تاوانباران (بازپرسی) بانگ کراوە و دادوەر شەهرام غوڵام‌حوسێنی بە ئازادیی کاتیی ئەو بەندکراوە ڕازی نەبووە.


ئەو سەرچاوەیە وتیشی، پاش شۆردنەوەی گەددەی ڕەسووڵ کەریمی، هەنووکە لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی ڕازی لە ئیلام لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.


ئەو بەندکراوە کوردە، حەفتەی دووەمی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕفێندراوە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئیلام گواستراوەتەوە.


هەنگاو پێشتر بڵاوی کردووەتەوە کە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ ڕەسووڵ کەریمی "دۆسیەسازیی ئەمنییەتی" دەکات و تۆمەتی "ئاژاوەگێڕیی چەکدارانە" داداتە پاڵ ئەو بەندکراوە و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی دەدرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە