پەسەندکردنی سزای پێنج ساڵ بەندکردنی شەعبان محەممەدی، مامۆستای خەڵکی مەریوان

شەعبان محەممەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان - لقی مەریوان، بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و پ

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢٢:٠٦


هەنگاو: هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

شەعبان محەممەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان - لقی مەریوان، بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و پاش ئەوەی کە ناڕەزایەتی و داوای پێداچوونەوەی ناوبراو بەو بڕیارەدا ڕەت کراوەتەوە، بڕیارەکە وەک خۆی پەسەند کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٧ی مارسی ٢٠٢٣)، شەعبان محەممەدی، مامۆستای خەڵکی شاری مەریوان، بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگادا بڕیاری ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و پاش ئەوەی کە داوای ناوبراو لەسەر پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا ڕەت کراوەتەوە، بڕیارەکە وەک خۆی و بەبێ زیاد و کەم پەسەند کراوە.


بڕیاری ئەو سزایە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و بێڕێزیکردن بە بەرپرسان و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها ئەندامەتی لە گرووپە و کۆمەڵە بەرهەڵستکارەکانی وڵات"، بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ و لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان بەسەریدا سەپاوە.


دانیشتنی دادگای شەعبان محەممەدی، ڕۆژی ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە ئەو مامۆستایە خۆی لە بەندیخانەی ئێڤیندا ڕاگیرابوو و لەسەر بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئاگادار نەکراوەتەوە.
شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخاە و ئەسکەندەر لوتفی، سێ چالاکی پیشەییی مامۆستایان، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ناوەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراوە و شەعبان محەممەدی هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.


مەسعوود نیکخاهـ ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و ڕۆژی پێنجشەممە سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم سێ مامۆستا کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوشاریان خراوەتە سەر هەتا بە ناچاری دان بەوەدا بنێن کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دوو هاووڵاتییە فەرەنسییەوە هەبووە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە کە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی پەروەردە و کولتووری سەندیکای کاری ئەو وڵاتەن، مانگی بانەمەڕ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بەوە تۆمەتبار کراون کە پەیوەندییان بە چالاکانی پیشەیی، مامۆستایانی قوتابخانە و کرێکاران کردووە هەتا ناڕەزایەتی لە ئێران ڕێک بخەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە