ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٢ دا

لە کۆتایی ساڵی ٢٧٢٢ کوردی (١٤٠١ی هەتاوی)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی ماف

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٩:٥٢

 

 هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

لە کۆتایی ساڵی ٢٧٢٢ کوردی (١٤٠١ی هەتاوی)، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە.
 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٢ی کورد، لانی کەم ٦٦ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٨ هەزار هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ٢٠٧ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٦٢ کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها ١٣٢ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ٢٨ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ٢٣ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٤٣ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە .

 

سێدارە

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، لانی کەم سزای سێدارەی ٦٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. هەروەها ٢١ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ٣٩ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢ کەسیان بە تۆمەتی دزینی چەکدارانە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو ژن لە بەندیخانەکانی ئورمیە و سنە جێبەجێ کراوە.

 

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن

لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٢ دا لانی کەم ٢٦٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٤٤ کەسیان کوژراون و ٢١٨ کەسیان بریندار بوون.

زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی کە ١٤٧ حاڵەت بووە. لە پارێزگای سنە ٩٧ کۆڵبەر و لە پارێزگای ئورمیەش ١٨ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.

هەروەها لە کۆی ئەو ٢٦٢ حاڵەتە، ٢٠١ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. ٢٨ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سرووشتی، ٢٧ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی هاتووجۆ و ئاگرکەوتنەوە و ٦ کۆڵبەریش بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

لەم ساڵدا لانی کەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٩ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.

 

کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٧٢٢دا، لانی کەم ١٢٠ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون کە ١١٤ حاڵەتی لە شۆڕشی ژینادا تۆمار کراوە. هەروەها لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا لانی کەم ١٢ هاووڵاتی بە هپی لێدانی باتۆم و گازی فرمێسک ڕێژ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراون.

لە کۆی ئەو ١٢٠ کەسە ١٥ کەسیان منداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.

 

تەقینەوەی مین

لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٢٨ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە سوپای پاسداران لەم دوایانەدا چاندوویەتی بوونەتە قوربانی.

لەو ڕێژەیە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە ١٨ حاڵەتیش بریندار بوون.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ٤٣٪ی قوربانیان تەقینەوەی مین لە ساڵی ڕابردوودا ژنان و مێرمنداڵان بوون کە بریتییە لە ٦ ژن و ٦ مێرمنداڵ و منداڵ.

 

دۆخی بەندیخانەکان

لە ساڵی ٢٧٢٢ دا لانی کەم ٢٣ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ١٢ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ١٤ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.

هەروەها، ٥ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە .

 

دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە

لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٨ هەزار هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا ناسنامەی ٢٥٢٤ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە هۆی چالاکی سیاسی و بەشداری لە ڕاپەڕینی ژینا دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٤٨ کەسیان ژن و ٢١٠ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. لەم ساڵدا لانی کەم ١٠٦ چالاکی خوێندکاری و ٩١ مامۆستای قوتابخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

زیاترین ڕێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان بە ٩٤٠ حاڵەت لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگاکانی ئورمیە ٨٢٠ حاڵەت، کرماشان ٣٦٩ حاڵەت، ئیلام ٣٠٣ حاڵەت و باقی شارەکانی دیکەی ئێران ٨٦ حاڵەتی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراوە.

 

سەپاندنی سزا

لە ساڵی ٢٧٢٢ دا لانی کەم ٢٠٧ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ٢٠٦ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٤٤٥ ساڵ و ٥ مانگ ساڵ بەندکران و ٦٤ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بە سەردا سەپاوە.هەروەها ٢٣ چالاک وێڕای سزای بەندکران سەرجەم سزای لێدانی ١٢١٦ قامچییان بە سەردا سەپاوە و چالاکێکی سیاسیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

 

مافی کرێکاران

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٧٢٢ دا لانی کەم ٤٣ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە