ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لەسەر کوژرانی لانی کەم ١٣٤ هاووڵاتی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی هەنگاو لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ١٣٤ هاووڵاتیی ک

٢٠ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٥:١٥

 

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن تیمی لێکۆڵینەوەی هەنگاو لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ١٣٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە سەرتاسەری شارەکانی کوردستان و چەند شارێکی ئێران کوژراون. هەروەها بەهۆی هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی سوپای پاسداران بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان لە ناو خاکی باشووری کوردستان بە بیانووی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، لانی کەم ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە و هاووڵاتییەکیی باشووری کوردستان گیانیان لەدەست داوە. 

 

پۆلێنبەندی بەپێی شێوازی کوژران: 

تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت؛ ١١٤ حاڵەت بەرانبەر بە ٨٥٪ کۆی گشتی.

کوژران لەژێر ئەشکەنجەدا؛ ٩ حاڵەت بەرانبەر بە ٦.٥٪  کۆی گشتی.

کوژران بەهۆی لێدانی باتۆم؛ ٦ حاڵەت بەرانبەر بە ٤.٥٪ کۆی گشتی.

کوژران بە چەقۆ؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ کۆی گشتی.

خنکان بەهۆی بەرکەوتن بە گازی فرمێسک ڕێژ؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ کۆی گشتی.

کوژران بە ژێرخستنی ئۆتۆمبێل؛ ١حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ی کۆی گشتی

سێدارە؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨ی کۆی گشتی.

نادیار؛ ١ حاڵەت بەرانبەر بە ٠.٨٪ ی کۆی گشتی.

 

پۆلێنبەندی بەپێی پارێزگاکان:

پارێزگای سنە؛ ٤٣ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە؛ ٤٩ حاڵەت

پارێزگای کرماشان؛ ٢١ حاڵەت

پارێزگای ئیلام؛ ٢ حاڵەت

پارێزگای خوراسان ڕەزەوی؛ ٢ حاڵەت

پارێزگای تاران؛ ٨حاڵەت

پارێزگای ئەلبۆرز؛ ٦ حاڵەت

پارێزگای قەزوین؛ ١ حاڵەت

پارێزگای هەمەدان؛ ١ حاڵەت

پارێزگای مەرکەزی؛ ١ حاڵەت

 

ئاشکراکردنی ناسنامەی ژمارەیەکی دیکە لە کوژراوان

لە دوایین ڕاپۆرتی هەنگاودا، ناسنامەی شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد کە لە ڕەوتی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژرابوون، لەدوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان  بە لیستی گیان بەختکردوانی شۆڕشی ژینا زیاد کرا. 

عەلیڕەزا کاکامحەممەدی خەڵکی هەرسین کە لە تاران کوژرا، عەلیڕەزا حوسێنی خەڵکی کرماشان کە لە تاران کوژرا، محەممەدئەمین حەشمەتیان خەڵکی سونقوڕ کە لە کەرەج کوژرا، سەید محەممەد حوسێنی خەڵکی سەقز، هێمن حەمزە خەڵکی سەردەشت و مەتین نەسری خەڵکی سنە ئەو شەش هاووڵاتییەن کە لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتری هەنگاودا ناویان لە لیستی گیانبەختکردواند تۆمار نەکردبوو و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی زانیاری ناوەکانیان لە لیستی ناوبردوو تۆمارکرا.

 

ژنان و منداڵان؛ ٦ ژن و ١٣ منداڵ و مێرمنداڵ لە نێو لیستی کوژراواندا؛

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لانی کەم ٥ ژن و کچێکی منداڵ بەناوەکانی مینۆ مەجیدی خەڵکی قەسری شیرین، نگین عەبدولمەلەکی خەڵکی قوروە، کوبرا شێخ سەقا خەڵکی مەهاباد، سارینا ساعێدی خەڵکی سنە، فریشتە ئەحمەدی خەڵکی سەردەشت و نەسرین قادری خەڵکی مەریوان گیانیان لەدەست داوە. 

سێ کەسیان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و سێ کەسی دیکەیان بە لێدانی باتۆم لەسەریان گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لانی کەم ١٣ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بەناوەکانی زەکەریا خەیال تەمەن ١٦ ساڵ، ئەمین مەعرەفەت تەمەن ١٦ ساڵ، عەبدوڵڵا محەممەدپوور تەمەن ١٦ ساڵ، ئەمیر فولادی تەمەن ١٥ ساڵ، ئەمیر حوسێن بەساتی تەمەن ١٥ ساڵ، عەلی موزەفەری سالانقوچ تەمەن ١٧ ساڵ، نیما شەفیق دوست تەمەن ١٦ ساڵ، ئارمین سەیادی تەمەن ١٨ ساڵ، سارینا ساعێدی تەمەن ١٦ ساڵ، کۆمار دەرئوفتادە تەمەن ١٦ ساڵ، دانیال پایبەندی تەمەن ١٧ ساڵ، بەهادین وەیسی تەمەن ١٦ ساڵ و کاروان قادرشوکری تەمەن ١٦ لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا کوژراون. ١٢ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت گیانیان لەدەست داوە و یەک کەسیان بە لێدانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەست داوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتری خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە موئمن زەندی کەریمی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سنە و ڕەزا کازمی خەڵکی موژژ تەمەن ١٦ ساڵ بوون. لەدوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو بۆی پشتڕاست بووەتەوە کە موئمن زەند کەریمی تەمەن ١٩ ساڵ و ڕەزا کازمی تەمەن ٢٢ ساڵ بوون. هەر لێرەدا داوای لێبوردن لە هەموو بەردەنگەکانمان دەکەین.

 

ئەشکەنجە؛ لانی کەم ٩ هاووڵاتیی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، لانی کەم ٩ هاووڵاتیی دوای ڕفاندنیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی حکوومەتدا کوژراون.

ئیسماعیل دزوار خەڵکی سەقز، محەممەد عەبدوڵڵاهی خەڵکی ئیلام، ڕامین فەتحی خەڵکی سنە، سامان قادرپوور خەڵکی شنۆ، ئومێد حوسێنی خەڵکی سنە، هێمن ئەمان خەڵکی بۆکان، شادمان ئەحمەدی خەڵکی دێولان، شەهریار عادلی خەڵکی سەردەشت و محەممەد حاجی ڕەسوڵ پوور خەڵکی بۆکان، ناوی ئەو کەسانەیە کە لەدوای دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون. 

 

بارودۆخی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر یاخود بە زۆرەملێی ڕفێندراون:

لەسەر بنەمای ئەکسیۆنی یاسایی لە پەیوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکران، دەبێت تۆمەتبار بە لەبەرچاوگرتنی هەموو مافە یاساییەکانی پێکهاتوو لە بڕیاری دادگا، ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، دەست ڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی، ڕاوێژکاری یاسایی و پارێزەر و ڕوونکردنەوەی تۆمەتە سەپێندراوەکان بەسەریدا، بۆ یەکێک لە بەندیخانە فەرمییەکانی تۆمارکراو لە لیستی ڕێکخراوی بەندیخانەکانی وڵات بگواسترێتەوە. 

ئەوەی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژیاندا ڕوویداوە، بەرانبەر بە مادەی ٢ی کنوانسیۆنی پشتیوانی لە هاووڵاتییان لەبەرانبەر ڕفاندنی زۆرەملێی، تاوانێکی ترسناکە کە لە یاسا نێونەتەوەییەکانی تاوانەکان، وەک تاوان هەژماردەکرێت.

هەرچەندە دەوڵەتی ئێران نەبووەتە ئەندامی ئەم کنوانسیۆنە، بەڵام پێناسەکردن و جێبەجێکردن و لەبەرچاوگرتنی ئەم یاساییە بەشێوەیەکی گشتی لایەنێکی نەریتی هەیە و پێویستە دەوڵەتەکان پابەندی بن. 

شیاوی ئاماژەپێدانە کە تەنانەت بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، تۆمەتبار لەدوای دەستبەسەرکرانی هەموو ئەم مافانەی هەیە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین پێشێلکردنی هەموو پێوەر و لایەنەکانی مافە نێونەتەوەییەکانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە. 

دوای تێپەڕینی پێنج مانگ بەسەر دەستپێکی خۆپیشاندانەکان، زیاتر لە ٧٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر یاخود ڕفێندراون، کە لەم بارودۆخەدا تیمی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ٢١٦٧ کەس ئاشکرابکات، کە لەم ژمارەیە ٢٢٠ کەسیان ژن و ١٩١ کەسیان منداڵ و مێرمنداڵن.

دەبێت بگوترێت کە بەپشت بەستن بە لێکۆڵینەوەکان، بەشێوەیەکی سیستامتیک دەستبەسەرکراوان لە ژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدان.

لەکۆی ئەو ٢١٦٧ هاووڵاتییە کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە، (٧٧٦) کەسیان خەڵکی پارێزگای سنەن. هەروەها (٦٦٠) کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، (٣٦٠) کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان و (٢٩٠) کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلامن. هەروەها لە شارەکانی ناوەندی ئێران لانی کەم ٨١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زۆرترین ئاماری هاووڵاتییانی ڕفێندراو لە شارەکانی سنە بە هەبوونی ٣٣٤ حاڵەت، پیرانشار بە هەبوونی ١٤٣ حاڵەت، شنۆ بەهەبوونی ١٢٦ حاڵەت، مەهاباد بەهەبوونی ١٢٦ حاڵەت و ئاودانان بەهەبوونی ١٠٨ حاڵەت تۆمارکراون.

 

بارودۆخی یاسایی دەستبەسەرکراوان

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەکۆی گشتی ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە کوردستان دەستبەسەرکراون، هەتا ئێستا ١١١ کەسیان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها کەسێکیش سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هەتا ئێستا ١١١ کەس لەم کەسانە سەرجەم سزای ٣٤٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها محمەمەد مەهدی کەرەمی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، کە سزاکەی لە یەکێک لە بەندیخانەکانی کەرەج جێبەجێکرا.

هەروەها ٢٠ کەس لەم ژمارەیە سەرەڕای سزای بەندکران، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەمیان سزای ١٠٧٦ جار لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. 

سەرەڕای ئەم حاڵاتانە، لانی کەم ٩ کەس لە دەستبەسەرکراوان تۆمەتی "موحاڕەبە و فەساد فی الارض"یان بەسەردا سەپێندراوە کە ناوەکانیان بریتین لە پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، پوریا جەواهری خەڵکی کامێران و ٧ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەناوەکانی فەرهاد تەهازادە، فەرزاد تەهازادە، فەریاد حەمزەشور، شەهرام مەعرود مەلا، ڕەزا ئیسلام دوست، کاروان شاهی پەروانە و فەرزاد مەحمودپوور.

ئەم تۆمەتە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا زۆرجار سزاکەی سێدارەیە.

 

هێرشی هاژژەکی بۆ سەر حیزبە کوردستانییەکان و گیان لەدەستدانی لانی کەمی ٢١ ئەندانی ئەم حیزبانە

لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا، سەرەڕای ئەو کوشتارە بەرفراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان دەستی پێکردبوو، لانی کەم چوار جاریش کەمپ و بارەگای حیزبە کوردستانییەکانی "دێموکرات، کۆمەڵە و پاک" لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستان داوەتە بەر هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی و لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا لانی کەم ٢١ کەس لە پێشمەرگە و ئەندامانی ئەم حیزبانە لە نێویاندا دوو ژن و کۆرپەیەکی یەک ڕۆژ و هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسانی نیزامی ئێران چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بەمەبەستی تۆڵەستاندنەوە و لە وەڵامی بانگەوازەکانی ئەم حیزبانە لە ڕاستای مانگرتنی گشتی لە کوردستان ئەنجامدراون. سەرەڕای کوژرانی ٢١ ئەندامی ئەم حیزبانە، بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. 

 

چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢) 

سوپای پاسداران سەرەتا ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان لە سیدەکان، حاجی عومران و هەڵگورد تۆپباران کرد و کەڵکی لە دڕۆنی خۆتەقێن وەرگرت. کاتژمێرێک دواتر  هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان (پاک) و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کۆیە ئەنجامدا. 

لە ڕەوتی ئەم هێرشەدا ٩ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوی عوسمان فەیزە، ڕەیحانە کەنعانی (ژنێکی دوو گیان)، وانیار ڕەحمانی تەمەن ١ ڕۆژ، هاجر زەرگە، محەممەد خەلیلی، میلاد پیرساحێب، شێرکۆ بەرتەنی، عومەر مەحمودزادە و ئەیوب هونەروەر گیانیان لەدەست دا. 

هەروەها ٨ ئەندامی پاک بەناوەکانی ئیحسان فەرەجی، ئومید نیکدڵ، یونس غەیاسی، ئاروین سۆهرابی، یەدوڵڵا نوری، سەعید ئومێدی، ئیدریس ئەمجەدی و کامەران ڕۆستەمی لە ئەنجامی هێرشی هاژژەکی و دڕۆنی سوپای پاسداران گیانیان لەدەست دا. 

 

دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

سوپای پاسداران هاوکات لەگەڵ تۆپباران بارەگای حیزبە کوردستانییەکان لە ناوچە سنوورییەکان، بەرەگا و کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیکوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کردە ئامانجی هێرشە هاژژەکی و دڕۆنییەکانی. 

لە ئەنجامی ئەم هێرشانە، لانی کەم سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوەکانی ڕێبوار عەبدی، ئاسۆ تەوانا و محەممەد بادروت و هەروەها هاووڵاتییەکی شاری کۆیە گیانیان لەدەست دا. 

 

دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

سوپای پاسداران بە هاژژەک و دڕۆنی خۆتەقێن هێرشی کردەوە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی، کۆیە و بەحرکە (کەمپی جەژنیکان). لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەناوی بێهزاد ئیسکات گیانی لەدەست دا.

 

سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

هێرشی هاژژەکی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ هەڵکەوتوو لە نێوان شاری هەولێر و کەرکووک.

 

شرۆڤەیەکی کورت لەسەر گیانبەختکراوامی شۆڕشی ژینا بەپێی ڕێککەوتنی گیان لەدەست دان

 

دووشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢)

١- موحسین محەممەدی؛ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی دیواندەرە بە تەقەی ڕاستەوخکی هێزەکانی حکوومەت بریندارکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری سنە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

٢- ڕەزا لوتفی؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا.

٣- فەرەیدوون مەحموودی؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ئەم هاووڵاتییە بە چەکی ساچمەیی و کڵاشینکۆف پێکرابوو. ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو.

 

سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) 

٤- زەکەریا خەیال؛ تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە سەری کرایە ئەمانج و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا. 

٥-فەرجاد دەروێشی؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە شاری ئورمیە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی لە شەقامی وەلیعەسری ئەم شارە، بەشی ورگ، دڵ و سینگی بەر گوللەی ساچمەیی هێزەکانی دژە شۆڕش کەوت و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

٦- مینوو مەجیدی؛ تەمەن ٦٢ ساڵ، پێڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی قەسری شیرین و دانیشتووی شاری کرماشان بوو. ناوبراو لە جووتسایدی وەحدەتی کرماشان لە پشتەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتیی پزیشکی یاسایی ١٦٧ ساچمە بەر لەشی ناوبراو کەوتووە. مینوو مەجیدی خێزاندار و دایکی سێ منداڵ بوو. 

٧- ڕەزا شەهپەرنیا؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە (یگان ویژه) بە چەکی ساچمەیی لە بەشی سەر، دەموچاو و سینگ پێکرا و زیاتر لە ١٠٠ گووللەی ساچمەیی بەرکەوت و گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو و ساڵێک پێشتر خزمەتی زۆرەملێی سەربازی تەواو کردبوو.

 

چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) 

٨-فواد قەدیمی، تەمەن ٣٩ ساڵ و باوکی دوو منداڵ کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری دیواندەرە بەشی ورگ و دەستی بە چەکی کڵاشینکۆف لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە پێکرا و بە بەسختی بریندارکرا. سێ ڕۆژ دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. 

٩-ئەمین مەعرەفەت؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شنۆ لە نزیک چوارڕێیانی "سەید ئاوا" بەشی سینگ و دڵی کرایە ئامانجی گوللەی هێزە سەرکوتکارەکانی سوپای پاسداران و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. 

١٠-دانش ڕەهنما؛ لاوی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە ئورمیە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی فەرجاد دەرویشی لەم گوندە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

١١- سەدرەدین لێتانی؛ لاوی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە نزیک چوارڕێیانی "سەیداوێ" کرایە ئامانجی هێزەکانی سوپای پاسداران و گوللە بەر سەر و سینگی کەوت و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو.

١٢- میلان حەقیقی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و لەدایکبووی شاری گۆتنبێرگی سوید، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری شنۆ لە نزیک چوارڕێیانی "سەیداوێ"  بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران پێکرا سێ گوللەی چەکی کڵاشینکۆف بەر شان و ڕانی کەوت و گیانی لەدەست دا.

١٣- عەبدوڵڵا محەممەدپوور، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە ئورمیە، دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی فەرجاد دەروێشی لەم گوندە و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ بەتەقی ڕاستەوخۆی هێزەکانی بەسیج کوژرا.

١٤- سەعید محەممەدی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەست دا. ناوبراو سەڵت بوو. 

١٥- ئەمیر فوولادی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

١٦- ئیمان محەممودی: لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا. ناوبراو سەڵت بوو.

١٧- موحسین قەیسەری؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی ئیلام لە بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە مەودایەکی نزیکەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەکان (یگان ویژه) کوژرا. ناوبراو سەڵت بوو و گوللە بەر سەر سینگی کەوتبوو.

١٨- عەلیڕەزا فەتحی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سونقوڕ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری قەزوین لەدژی کوژرانی ژینا ئەمینی، لە شەقامی سەنعەتی ئەلوەند کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت، سکی پێکرا و گیانی لەدەست دا. 

١٩- ئەمیر حوسێن بەساتی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان. لە شەقامی مامۆستا (مدرس)ی ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتەکان (یگان ویژه) کوژرا. ناوبراو زیاتر لە ٧٠ گوللەی ساچمەیی بەر پشتی کەوتبوو. بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە دوای ٨ ڕۆژ توانیبوویان تەرمی کوڕەکەیان لە نەخۆشخانەی تالقانی وەربگرنەوە و لە گوندی دارخور حەسەن ئاباد ئەسپەردەی بکەن.

٢٠- عەلی موزەفەر سالانقوچ؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی قوچان و یاریزانی تیمی والیباڵی مێرمنداڵانی سایپای تاران، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت و گوللە بەر بەشی سکی کەوت و کوژرا. تەرمی ناوبراو دوای ٤ ڕۆژ و لە بەرانبەر ٥٠ ملیۆن تمەن بە بنەماڵەکەی ڕادەستکرایەوە.

٢١- ڕۆزبێ خادمیان؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سونقوڕ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ناوچەی فەردیس لە شاری کەرەج لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. ئەم لاوە لە مەودایەکی نزیکەوە بەشی کەمەر و شانی کرابووە و ئامانج و ٤ گوللەی بەرکەوتبوو.

٢٢- محەممەد زارعی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سونقوڕ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی گەڕەکی باقراوای ی شاری قرچک ورامین لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی برینداربوو و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

٢٣- مەهدی بەبرنژاد؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری قوچان سەر بە پارێزگای خوراسان ڕەزوی، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی بریندارکرا. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ژووری نەشتەرگەری گیانی لەدەست دا. 

٢٤- عیرفان خەزایی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کەنگەڤەر، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەهریاری کەرەج کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و سەری پێکرا، دەست بەجێ گیانی لەدەست دا.

 

دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) 

٢٥- عەبدولسەلام قادر گەڵوان، خەڵکی شنۆ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەوی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان لە نزیک چوارڕێیانی سەیداوای ئەم شارە لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی برینداربوو. دوای تێپەڕاندنی ٦ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

 

چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢)

٢٦- سەمەد بەرگی نیا؛ هاوڵاتیی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار کە شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە سەختی بریندارکرابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٥٢ گوللەی ساچمەیی بەر دەموچاوی کەوتبوو، بەڵام پزیشکی یاسایی ڕایگەیاندبوو کە سەمەد بەرگی نیا بەهۆی بەرکەوتنی تەنی قورس بە سەری گیانی لەدەست داوە. شیاوی ئاماژە پێکرانە کە ناوبراو دوای بریندارکرانی، کەوتبووە بەر لێدان و کووتانی هێزەکانی حکوومەت.

 

شەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٢٧- موختار ئەحمەدی؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی مەریوان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژراو و کاتژمێر ٢ی بەرەبەیان لە ژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی کەمتر لە ٢٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە و خزم و کەسوکارەکەی تەرمی ناوبراو ئەسپەردە کرا. ناوبراو خەریکی کاری دەستفرۆشی بووکەشووشە لە شەقامەکان بوو و لەم ڕێگاوە بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی دابین دەکرد.

 

 سێشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٢٨- نیما شەفیق دوست؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەڵماس کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئورمیە لە شەوی ٣٠ی خەرمانان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لاقی بریندار بووبوو، دوای ١٢ ڕۆژ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ئەم مێرمنداڵە لە دوای برینداربوونی لە ترسی دەستبەسەرکرانی بۆ نەخۆشخانە نەگواسترابووەوە و ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەر کاتژمێرێک دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی هەوکردنی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە سەرهەنگ حەسەن شێخی، فەرماندەی نیزامی ئورمیە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ئەم مێرمنداڵە ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو بەهۆی گازلێگرتنی لەلایەن سەگەوە گیانی لەدەست داوە.  دوای ماوەیەک دایکی نیما بە بڵاوکردنەوەی ڤیدییۆییەک ئەم قسانەی حەسەن شێخی وەدرۆ خستەوە.

 

شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) 

٢٩- داریوش عەلیزادە؛ تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سنە، لە نزیکی تەپەی بەهارستانی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی، کەمەر و ڕانی پێکرا و بە سەختی بریندار بوو. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی بەعسەت بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. 

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت ناوبراویان بە برینداری داوەتەوە بەر لێدان و کووتان. 

٣٠- پەیمان مینبەری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی نییەر و دانیشتووی شاری سنە، لە نزیک پردی مەردۆخ بە دەمانچەی کۆڵت لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کرایە ئامانج. ناوبراو لە پشتەوە گوللەی بەرکەوتبوو بە شێوەیەک کە گوللەکە لە سینگییەوە هاتبووە دەر. لە وەفاتنامەی پەیمان مینبەریدا هۆکاری مردنەکەی بە بەرکەوتنی بە تەنی قورس یان تیژ نووسراوە.

٣١- محەممەد ئەمینی؛ لاوی خەڵکی گەڕەکی "تەقتەقان"ی شاری سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا.

٣٢- یەحیا ڕەحیمی، کرێکاری تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی سنە، لە شەقامی شەشی بەهمەنی ئەم شارە و لە کاتێکدا شۆفێری دەکرد، لە مەودایەکی نزیکەوە لەلایەن هێزە (لیباس شەخسییەکان) سەری کرایە ئامانج و ڕاستەوخۆ دوای پێکرانی بە گوللەی ئەم هێزانە گیانی لەدەست دا. لە وەفاتنامەی یەحیا ڕەحیمیدا هۆکاری مردنەکەی بەهۆی شکان و وردبوونی کەللەسەر و بەرکەوتنی شتێکی هاوێژراوی خێرا نووسراوە. 

 

یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٣٣- ئیسماعیل دزوار؛ تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە ڕفێندرا و دوای چەند کاتژمێرێک لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژە پێدانە کە بنەماڵەی دزوار لە ژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا ناچارکرابوون کە لە پۆستێری ڕاگەیاندنی پرسەکەیدا هۆکاری مردنەکەی بە ڕووداوی هاتووچۆ بنووسن.

 

دووشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) 

٣٤- ئارین موریدی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، شەوی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی برینداربوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری کرماشان بەهۆی سەختی برینەکەیەوەی گیانی لەدەست دا. ئەم لاوە سینگ و ملی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت پێکرابوو. 

 

چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٣٥- ئارمین سەیادی؛ لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەکی دەڕەدریژ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکان سوپای پاسداران کوژرا. ئەم لاوە سینگ و کەلەکی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت پێکرابوو.

٣٦- سینا نادری؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کرماشان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە و لە گەڕەکی دەڕەدریژ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی سوپای پاسدادان کوژرا. گوللە بەر سینگ و قۆڵی ئەم لاوە کەوتبوو.

٣٧- عەزیز مورادی؛ هاووڵاتیی خەڵکی سنە کاتژمێر ٢٢ی شەوی چوار شەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە گەڕەکی نایسەری ئەم شارە کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت و ڕان و ورگی پێکرا. ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

٣٨- کەماڵ فەقیهی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە و لە کاتێکدا کە لەسەربانی ماڵەکەی لە گەڕەکی "حسار" ڕاوەستابوو، کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت و بەسەختی برینداربوو، ناوبراو دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی "قۆلی پوور"ی ئەم شارە گیانی لەدەست دا. کەماڵ فەقیهی سەری کرابووە ئامانجی تەقەی هێزەکانی حکوومەت، بەڵام پزیشکی یاسایی هۆکاری مردنی ناوبراوی بە "بەرکەوتن بە تەنی سەخت" ڕاگەیاندووە.

٣٩- محەممەد عەبدوڵڵاهی؛ تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئیلام، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، لەبەرانبەر بینایی فەرمانداری لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشەکەنجەدا گیانی لەدەست دا. ناوەندە ئەمنییەکان دوای ناچارکردنی باوکی ناوبراو بۆ پێدانی بەڵێنی نووسراو لە ڕاستای ڕاگەیاندنی هۆکاری گیان لەدەستدانی کوڕەکی بە مردنی سروشتی، تەرمەکەیان ڕادەست کردوونەتەوە. 

٤٠- نگین عەبدولمەلەکی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خوێندکاری بەشی پیشەیی زانکۆی هەمەدان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەهۆی لێدرانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، دوای گەڕانەوەی بۆ نووستنگە گیانی لەدەست دا. میدیاکانی سەر بە حکوومەت هۆکاری مردنی ئەم کچە خوێندکارەیان بە خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان ڕاگەیاند و باوکیان ناچارکرد کە لە بەرامبەر کامێرادا هەواڵی کوژرانی کچەکەی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە درۆ بخاتەوە.

٤١- سەید محەممەد حوسێنی؛ لاوی خەڵکی سەقز لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی لە  گەڕەکی کوهدەشت لە کاتێکدا لەبەرانبەر شکاندن و زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ناڕەزایەتی دەربڕیبوو، ئۆتۆمبێلی دژە شۆڕش ناوبراوی کردبووە ژێرەوە و دوو جار بەسەریدا تێپەڕیبو، بەم شێوەیە ئەم لاوە دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو. لەژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەکان بنەماڵەکەی ناچاربوون هۆکاری مردنی ناوبراو لە پۆستێری ڕاگەیاندنی پرسەکەی بە ڕووداوی هاتووچۆ ڕابگەیێنن.

 

چوارشەممە ٢٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٢- عەلیڕەزا حوسێنی؛ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە کاتی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بەمەبەستی دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە کوژرا. هێزەکانی حکوومەت بە گومانی بەشداری ناوبراو لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاران هێرشیان کردبووە سەر ماڵی کرێکاری ناوبراو و هاوڕێکانی. 

 

پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) 

٤٣- ڕامین کەرەمی؛ لاوی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەوی ٢٠ی ڕەزبەری شاری کرماشان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی بریندار کرا و دواتر بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ڕێکەوتی گیان لەدەستدانی ناوبراو دیار نییە. بەڵام ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەر هەواڵی مردنی ئەم لاوەیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند. 

 

هەینی ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٤- ڕامین فەتحی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی سنە، تەنیا دوای ٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە لە ژێر ئەشکەنجەی ئەم ناوەندە ئەمنییە گیانی لەدەست دا. ناوبراو پێشتر لەگەڵ خوشک و برایەکی دەستبەسەرکرابوو و لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە ژێر ئەشکەنجە و گووشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کرابوو.

 

چوارشەمە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٤٥- محەممەد شەریعەتی؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری موژژ و دانیشتووی سنە، لە نزیک کەمەربەندی ٢٥ی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو تەنیا منداڵی بنەماڵەکەی بوو.

٤٦- سمکۆ (ئیسماعیل) مەولوودی: تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە کاتژمێر ٢١ی شەو لە گەڕەکی "پشت تەپە" بە چەکی قەناسە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و گوللە بەر کەلەکی کەوت. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو. 

٤٧- ئەفشین ئاشام؛ لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی سەرخەکی سنجابی و دانیشتووی گەڕەکی پالی ئاوای شاری قەسری شیرین، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت گوللە بەر سینگ و ورگی کەوت و کوژرا. سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان بۆ دانەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی داوای بڕی ٢٥٠ میلیۆن تمەنیان کردبوو.

٤٨- کەیوان دەروێشی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە گەڕەکەی کەمەربەندی شاری سنە بە چەکی ساچمەیی کرایە ئامانج و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. لە وەفاتنامەی ناوبراودا هۆکاری گیان لەدەستدانی بە جەڵتە تۆمارکراوە.

٤٩- محەممەد لوتفوڵڵاهی، لاوی خەڵکی سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەکی نایسەر، کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت و بە سەختی بریندارکرا. ناوبراو بە برینداری لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و لە کاتی گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگە لە ناو ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانەدا دراوەتە بەر لێدان و کوتان هەر لەوێ گیانی لەدەست داوە. ئاسەواری شین بوونەوە و لێدان و شوێنەواری برینداری بەهۆی پێکرانی بە گوللەی هێزەکانی حکوومەت لەسەر جەستەی ناوبراو بەڕوونی دیاربووە.

٥٠- ئیبراهیم میرزایی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی شاری دێولان و دانیشتووی سنە، لە چوارڕێیانی عەباس ئاوا دوای فڕێدرانی گازی فرمێسک ڕێژ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، تووشی گرفتی هەناسەدان بووە و دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە گیانی لەدەست داوە.

 

پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) 

٥١- زانیار ئەبووبەکری؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە نزیک گۆڕەپانی سیمۆرغ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە چەکی کڵاشینکۆف لە پشتەوە پێکرا و گوللەکە لە ورگییەوە دەرچوبوو، بەهۆیەوە خوێنهێنەری سەرەکی ناوبراو پچڕابوو. ئەم لاوە دەزگیراندار بوو.

٥٢- کوبرا شێخ سەقا؛ هاووڵاتیی تەمەن ٥٩ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە شەقامی مەلاجامی ئەم شارە لەئاکامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا.

٥٣- شاهۆ خزری؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی سمکۆ مەولوودی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرابوو.

٥٤- فەرەیدوون فەرەجی؛ لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری بانە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا. ناوبراو لە شاری بانە لە ڕێستۆرانێکدا کاری دەکرد و بە چەکی کڵاشینکۆف لە پشتەسەرەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرابوو.

٥٥- سارینا ساعیدی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە شەوی چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەر لە گەڕەکی نایسەری سنە بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەکانی حکوومەت تووشی خوێنبەربوونی مێشکی بوو بوو. دوای یەک ڕۆژ خەواندنی لە نەخۆشخانەی تەوحید لە شاری سنە گیانی لەدەست دا. تەرمی ناوبراو بەشێوەیەکی نهێنی و هەر ئەو شەوە ئەسپەردە کرا. ناوەندە ئەمنییەکان باوکی سارینایان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە ڕاستای بەدرۆ خستنەوەی هەواڵی مردنی کچەکەی لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی کرد. 

شیاوی ئاماژە پێدانە کە فەرمانداری سنە هۆکاری مردنی سارینای بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەر ڕاگەیاندبوو، لە کاتێکدا لە وەفاتنامەی ئەم مێرمنداڵە هۆکاری مردنی ناوبراو بە نادیار تۆمارکراوە.

٥٦- موتەلب سەعید پیرۆ؛ خەڵکی بانە لە کاتێکدا کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدابوو، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا. ناوبراو خەڵکی گوندی چۆمان سەر بە شاری بانە بوو و گوللە لە پشتەوە بەر شانی کەوتبوو و لە سینگییەوە دەرچووبوو.

٥٧- فریشتە ئەحمەدی؛ تەمەن ٣٢ و ساڵی خەڵکی سەردەشت. ناوبراو دانیشتووی شاری مەهاباد بوو لە کاتێکدا لەسەربانی ماڵی خۆیان بوو، کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و سینگی پێکرا. دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژەپێدانە کە میدیاکانی سەر بە حکوومەت هۆکاری مردنی ناوبراویان بە دەستڕێژی گوللە لە ناو ماڵی خۆیانەوە ڕاگەیاندبوو. بانگەشەیەک کە دواتر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی فریشتە بەتوندی بەدرۆ خرایەوە.

٥٨- حەمید گوڵی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری تاران بەهۆی لێدرانی باتۆم لەسەر و دەموچاوی ناوبراو لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە گیانی لەدەست دا. لە وەفاتنامەی ئەم هاووڵاتییەدا هۆکاری مردنی ناوبراو بە بەرکەوتنی تەنی سەخت و  خوێنبەربوونی مێشکی و شکانی کەلەسەر تۆمارکراوە.

 

هەینی ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٥٩- مەسعوود ئەحمەدزادە؛ پزیشکی ددان، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری مەهاباد لە نزیک نۆرینگەکەی خۆی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بەسەختی بریندارکرابوو. ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

٦٠- داستان ڕەسووڵ محەممەد ئاقا؛ لاوی خەڵکی باشووری کوردستان کە بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی هاوڕێکەی موتەلیب سەعید پیرۆ چووبووە بانە، لە نزیک سنوور لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە چەکی کڵاشینکۆف سەری کرایە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

 

شەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) 

٦١- سامان قادرپوور؛ بەندکراوی پێشوو، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا. ناوەندە حکوومەتییەکان هۆکاری مردنی ناوبراویان بە جەڵتەی دڵ ڕاگەیاندبوو، بەڵام مامی سامان کە چاوی بە تەرمەکەی کەوتبوو، ئاسەواری ئەشکەنجە، لێدان و شینبوونەوەی لەسەر جەستەی ناوبراو دیتبوو.

 

یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)

٦٢- کۆمار دەرئۆفتاده؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار کە شەوی پێشتر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە و لە نزیک گۆڕەپانی ئەوراز، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە چەکی ساچمەیی کرایە ئامانج و بەسەختی بریندارکرابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژەپێدانە کە هێزەکانی حکوومەت لە مەودای ٣ مەترییەوە تەقەیان لەم مێرمنداڵە کردبوو.

 

چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

٦٣- موئمن زەند کەریمی؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە چوارڕێیانی گوڵشەنی ئەم شارە لە مەودای دوو مەترییەوە بە چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرا و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە گیانی لەدەست دا. شیاوی ئاماژە پێدانە کە ئەم لاوە دوای ئەوەیکە بریندارکرابوو، کەوتبووە بەر لێدانی هێزەکانی حکوومەت و چەندین جار بە ئەنقەست بە پێلاقە لەسەری درابوو.

 

پێنجشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

٦٤- محەممەد ئەمین حەشمەتیان؛ لاوی خەڵکی سونقوڕ لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی کەرەج بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. تەرمی ناوبراو لە گوندی "سننلە" (زێدەکەی) ئەسپەردەکرا و ناوەندە حکوومەتییەکان گووشاریان بۆ سەر بنەماڵەکەی دروستکردبوو  کە هۆکاری مردنی منداڵەکەیان بە خۆکوژی ڕابگەیێنن. 

٦٥- عەلیڕەزا کاکامحەممەدی، لاوی خەڵکی هەرسین و دانیشتووی شاری کەرەج، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو هێزەکانی حکوومەت ناوبراویان بەبرینداری داوەتە بەر لێدان و کوتان. 

 

شەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

٦٦- نەسرین قادری، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی مەریوان و دانیشتووی تاران، لە کاتێکدا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و بڵاوکردنەوەی چەند پۆستێک لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی و نیکا شاکەرەمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەسەختی بریندارکرابوو. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوەندە حکوومەتییەکان باوکی ناوبراویان ناچارکرد کە لە بەرانبەر کامێرادا هۆکاری مردنی کچەکەی بە نەخۆشی ڕابگەیێنێت کە دواتر براکەی لەسەر گۆڕی نەسرین ڕایگەیاند کە باوکی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە. 

 

چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

٦٧- عەلیڕەزا کەریمی؛ لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی شاباد و خوێندکاری بەشی مایکرۆبایۆلۆژی زانکۆی ئازادی ئەراک، بەهۆی لێدرانی باتۆم لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەسەری، تووشی جەڵتەی مێشک بوو و گیانی لەدەست دا.

٦٨- فایەق مام قادری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ٢٠ی ڕەزبەر لەم شارە و لە نزیک گۆڕەپانی ئیستقلال، کەوتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت و شەش گوللە بەر سەر، ورگ و دەستی ناوبراو کەوتبوو، کەدوای یەک مانگ خەواندنی لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. 

 

پێنجشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

٦٩- ئەردەڵان قاسمی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە کاتی نووسینی دروشم لەسەر دیوار هکانی جووتسایدی تاق بوستانی کرماشان، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بەسەختی بریندراکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٣ گوللە بەر ورگ و شانی کەتبوو.

 

هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

٧٠- سامان ڕەحمانی؛ لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی تیکاب لە کاتی نووسینی دروشم لە قەڵای حەسەن خان (شەقامی قودس) لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا درابووە بەر لێدان و کوتان. ناوبراو بەهۆی لێدرانی باتۆم لەسەری گیانی لەدەست دابوو. 

٧١- هێمن حەمزە؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ کە لە هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر گوندی بیوەران بەتەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە کوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو. گوللە بەر سینگی ناوبراو کەوتبوو.

 

سێشەممە ٢٤ی خەزەڵوەریج٢٧٢٢ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٧٢- فواد محەممەدی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی گوندی ماویان سەر بە شاری کامێران، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بەسەختی بریندارکرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی سینا بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو بەچەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرابوو. ئەم هاووڵاتییە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.

٧٣- زانیار ئەڵڵامواردی؛ لاوی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لە گەڕەکی کانی کوزەڵەی ئەم شارە، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی کرایە ئامانجی هێزەکانی حکوومەت و دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە بەهۆی خوێنبەربوونی هەنگاو گیانی لەدەست دا. زیاتر لە ١٠٠ ساچمە بەر جەستەیی ئەم لاوە کەوتبوو. زانیار پێشتر دەستێکی بەهۆی کارەباوە لەدەست دابوو.

٧٤- عیسا بیگلەری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "نسار" سەر بە سەوڵاو و دانیشتووی سنە، لەبەردەم زانکۆی کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بە سەختی بریندارکرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید گیانی لەدەست دا. ناوبراو بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرابوو و ٢ گوللە بەر کەمەری کەوتبوو. عیسا بیگلەری خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بوو. 

٧٥- سامان قادر بەیگی؛ لاوی خەڵکی بۆکان، لە گەڕەکی میرزایی بۆکان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ئەم هێزانە تەرمەکەیان لە بۆکانەوە بۆ ئورمیە گواستبووەوە. شیاوی ئاماژەپێدانە کە ناوەندە حکوومەتییەکان گوشاریان بۆسەر بنەماڵەکەی دروستکردبوو کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە خۆکوژی ڕابگەیێنن.

 

چوارشەمە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٧٦- دانیال پابەندی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە گەڕەکی کەریم ئاوای ئەم شارە لە مەودایەکی نزیکەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. ئەم مێرمنداڵە بەشی ورگی کرابووە ئامانج، بەشێوەیەک کە بەشێک لە ئەندامانی ناوەوەی ورگی لە شوێنی پێکرانی بەجێمابوو. 

٧٧- بورهان کەرەمی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی چرۆسانە سەر بە کامێران، لە گەڕەکی "زەڕنە"ی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو بەشی سەر و ملی کرابووە ئامانج و بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکرابوو. بورهان کەرەمی خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو. 

٧٨- سالار موجاور؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و  خەڵکی بۆکان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەکی میراوا کەوتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست دا. ناوبراو کە دەرچووی بەشی ئەندازیاری بوو، گوللە بەر سەری کەوتبوو.

٧٩- ئەسعەد ڕەحیمی؛ لاوی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.

٨٠- محەممەد حەسەن زادە، لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە باخی قازی ئەم شارە لە کاتێکدا کە دەیویست کچێکی ڕفێندراو لەدەستی هێزە سەرکوتکارەکان ڕزگار بکات، لەلایەن ئەم هێزانەوە درایە بەر چەقۆ و بەهۆی پێکرانی سینگ و دڵی بە چەقۆ گیانی لەدەست دا. 

٨١- شاهۆ بەهمەنی؛ لاوی خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ٤ کەس لە گیانبەختکردووانی بەرخۆدانی جەماوەریی سنە لە نزیک پردی قشڵاق کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و کوژرا. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری ئەم شارە گواسترایەوە.

٨٢- ئارام حەبیبی؛ لاوی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی سنە، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی  ٤ کەس لە گیانبەختکردووانی بەرخۆدانی جەماوەریی سنە لە نزیک پردی قشڵاق کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و کوژرا. تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری ئەم شارە گواسترایەوە.

٨٣- فەرهاد خوسرەوی؛ لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکووموت کوژرا و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گواسترایەوە. دوای یەک حەوتوو تەرمی ناوبراو ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

 

پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

٨٤- عەبدولڕەحمن بەختیاری؛ هاووڵاتیی تەمەن ٦٦ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە شەقامی سەعدی و لەبەرانبەر ماڵەکەی، لە کاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەید بووە، کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست دا. ناوبراو ٢ گوللەی بەرکەوتبوو. 

٨٥- هەژار مام خوسرەوی؛ لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران بەسەختی بریندارکرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی قولی پور بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

٨٦- ئەمجەد عەنایەتی؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. 

٨٧- هیوا جان جان؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی بۆکان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. 

٨٨- موستەفا شەعبانی؛ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە شەقامی سەردار عەزیز خان موکری ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. شیاوی ئاماژە پێدانە کە هێزەکانی حکوومەت بۆ ڕێگری کردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسەی ناوبراو، کەوسەر و کامیل شەعبانی خوشک و برای ناوبراویان دەستبەسەرکردبوو.

٨٩- ئومێد حەسەنی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ، گوندی پایگەلان و دانیشتووی شاری سنە، لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ٤ کەس لە گیانبەختکردووانی بەرخۆدانی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندرا و دوای چەند کاتژمێرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا. نزیکانی ناوبراو هەبوونی ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر و ملی ناوبراویان پشت ڕاستکردەوە. 

٩٠- ئازاد حوسێن پوور، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لەپشتەوە کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. ناوبراو پزیشکی ددان بوو.

٩١- ئاسۆ قادری؛ لاوی خەڵکی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت، لە شاری بانە، لە کاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بوو لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا. ناوبراو بەهۆی پێکرانی بە سێ گوللە (٢ لە سەری و ١ لەشانی) ڕاستەوخۆ گیانی لە دەست دا. تەرمی ئەم لاوە لەشەودا و بەنهێنی لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکاندا ئەسپەردە کرا.

٩٢- غەفور مەولوودی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی٣ منداڵ بوو. 

 

هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

٩٣- محەممەد ئەحمەد گاگش؛ هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە کاتێکدا کە لەسەر سەربانی ماڵەکەی خۆی ڕاوەستابوو، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت سەری پێکرا و گیانی لەدەست دا. 

٩٤- ئەمیر فەراسەتی شاد؛ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لە گەڕەکی کەمەربەندی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. 

٩٥- میلاد مەعرووفی؛ لاوی تەمەن ٢٣ ساڵ، یاریزانی ئەسپ سواری و خەڵکی بۆکان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر کەوتە بەرتەقەی هێزەکانی حکوومەت و لە بەشی سەری بەسەختی برینداربوو. بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی قولی پوور لە شاری بۆکان گیانی لەدەست دا.

٩٦- سەید کەماڵ ئەحمەدپوور؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە شەقامی مەنبەعی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بەسەختی بریندارکرا و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی خومەینی ئەم شارە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو و خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو. 

٩٧- مێهران ڕەحمانی؛ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لە گەڕەکی بەری شیلان لەئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکرابوو، لە نەخۆشخانەی خومەینی لە ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

٩٨- شەهریار محەممەدی؛ لاوی خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا. 

٩٩- سەعدی شاهرۆخی فەر؛ لاوی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی بۆکان، لە چوارڕێیانی "ئیمام جومعە" و لەکاتێکدا بۆ ماڵەوە دەگەڕاوە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا و تەرمەکەی لەلایەن ئەم هێزانەوە دزرا. 

 

شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

١٠٠- فواد سەواری؛ هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، لە شەقامی ١٦ مەتری ئەم شارە سەر و سینگی بەچەکی ساچمەیی لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەتەوە کرایە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. 

١٠١- حەبیبوڵڵا فەتحی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە لە شەقامی ١٦ مەتری ئەم شارە لە ئەنجامی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت سەری پێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. بەهۆی گوشار و ڕێگری ناوەندە حکوومەتییەکان تەرمی ناوبراو بەبێ وەفاتنامە ئەسپەردە کرا.

١٠٢- حوسێن عەبدپەنا؛ هاووڵاتیی تەمەن نزیک بە ٧٠ ساڵی خەڵکی سنە، لە گەڕەکی بەهارانی ئەم شارە و لەبەردەرگای ماڵەکەی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتەوە کوژرا.

 

یەکشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١٠٣- عیرفان کاکایی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی شاهۆردی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو مامۆستای وانەی وەرزشی قۆناغی ئامادەیی بوو و گوللە بەر ورگی کەوتبوو.

١٠٤- بەهادین وەیسی؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. هەمان شەو نەجمەلدین وەیسی برا گەورەی ناوبراو بەبرینداری لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا، کە دواتر لە ژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کرا. 

١٠٥- سولەیمان شەکەری؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بۆکان کە لە ڕەوتی جەماوەری ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر لە شەقامی عەلی ئاوای ئەم شارە کەوتە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت و سەر و ملی بە چەکی ساچمەیی پێکرا، دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. بنەماڵەی ناوبراو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان بڕی ٩٠ ملیۆنیان بە ناوەندە حکوومەتییەکان دابوو.

١٠٦- موحسین نیازی؛ لاوی شاخەوان ، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە، لەئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت ورگی پێکرا و بە سەختی برینداربوو. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

١٠٧- جەلال قوربانی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لەکاتی گواستنەوەی تەرمی کاروان قادر شوکری، تەمەن ١٦ ساڵی کوژراو بۆ مزگەوتی شیناوێ، کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کە سکی پێکرا و گیانی لەدەست دا.

١٠٨- تاهیر عەزیزی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.

١٠٩- کاروان قادر شوکری؛ مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، کە شەوی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت بریندارکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. 

 

دووشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) 

١١٠- جەوهەر فەتحی؛ دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی دوو کەس لە گیانبەختکردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران (سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان) لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ کوژرا. هێزەکانی سوپا لەو ڕۆژەدا کەڵکیان لە چەکی ژێ سێ و دۆشکە وەرگرتبوو.

١١١- تەحسین میری؛ کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی دوو کەس لە گیانبەختکردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران (سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان) لە شەقامی بەهداری جوانڕۆ کوژرا. ئەم هێزانە سەری ناوبراویان کردبووە ئامانج. هێزەکانی سوپا لەو ڕۆژەدا کەڵکیان لە چەکی ژێ سێ و دۆشکە وەرگرتبوو.

١١٢- جەماڵ عەزیمی؛ هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی دوو کەس لە گیانبەختکردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان لە شەقامی بەهداری جوانڕۆ کوژرا. ناوبراو لە کاتێکدا لەلایەن ئەم هێزانەوە تەقەی لێکرابوو و بە ٢ گوللە پێکرابوو کە بۆ یارمەتیدانی تەحسین میری گەڕابووەوە دواوە. هێزەکانی سوپا لەو ڕۆژەدا کەڵکیان لە چەکی ژێ سێ و دۆشکە وەرگرتبوو.

١١٣- ئیسماعیل گوڵ عەنبەر؛ هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ، دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی دوو کەس لە گیانبەختکردوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری جوانڕۆ، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان) لە شەقامی بێهداری جوانڕۆ کوژرا. هێزەکانی سوپا لەو ڕۆژەدا کەڵکیان لە چەکی ژێ سێ و دۆشکە وەرگرتبوو.

١١٤- مەسعوود تەیمووری؛ لاوی خەڵکی جوانڕۆ، لە شەقامی بێهداری ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان بەسەختی بریندارکرا و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. مەحموود تەیموری باوکی ناوبراو هەمان کات بریندارکرابوو و بەهۆی ناجێگیربوونی تەندروستییەوە دوای یەک مانگ هەواڵی مردنی کوڕەکەیان پێ ڕاگەیاندبوو.

١١٥- کوروش پاژخ؛ لاوی خەڵکی شاباد، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری کرماشان لە گەڕەکی ئەلهیە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بوو.

 

سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٦- ڕێباز ساڵحی وەند؛ لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە نزیک گوندی حاجی مامیانی ئەم شارە لەکاتێکدا کە خەریکی ماتۆڕ سوای بووە، بە چەکی ساچمەیی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەی لێکراو و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

 

چوارشەممە ٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٧- هێمن ئەمان؛ لاوی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان کە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندارکرابوو و دواتر ڕفێندرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانی لەدەست دا.

 

پێنجشەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١١٨- شەماڵ خدیری پوور؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر و دوای ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئازاد حوسێن پوور لە گۆڕەپانی ئیستقلال لە شاری مەهاباد، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران، ورگ و سینگی پێکرابوو.

١١٩- جەبار فەرقی زادە؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی مەریوان، کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە کاتی ڕۆشتنی بۆ گوندی زێدەکەی "ئاسن ئاوا" لە کاتێکدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بە ٢ گوللە سەری کرایە ئامانج و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەست دا.

 

یەکشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٠- شۆڕش نیکنام؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی "سەید شەهۆدا" لە ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لە گەڕەکی "بەری شیلانان" بەهۆی دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گوللە بەر ورگ و سینگی کەوتبوو.

١٢١- ڕەزا کازمی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گوندی موژژ سەر بە کامێران، دوای ٦ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو ڕۆژی یەکی سەرماوەز بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران بەشی سینگ و ورگی پێکرا. پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو تەمەنی ١٦ ساڵە، بەڵام دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو بۆی دەرکەوت کە ناوبراو تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە. 

 

سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) 

١٢٢- ئیبراهیم شەریفی، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران سینگی پێکرا و دوای ١٣ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی "سەید شۆهەدا"ی شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

 

چوارشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢)

١٢٣- ئاوات قادرپوور؛ لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان دوای ١٢ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی عارفیان لە شاری ئورمیە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. 

ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر لە گوندی ناچیت لەکاتێکدا کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە درایە بەر دەستڕێژ.

١٢٤- فەرزین مەعرووفی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی شاری تاران، دوای دۆڕانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بەرانبەر بە ئامریکا بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی هاتبووە سەر شەقام، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. ناوەندە حکوومەتییەکان ئیزنیان بە گەڕاندنەوەی تەرمی ناوبراو بۆ مەهاباد نەدا.

١٢٥- ئیحسان قاسمی؛ هاووڵاتیی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی کەنگاڤەر و دانیشتووی کەرەج، لە ڕەوتی خۆشی و شادی دەربڕینی خەڵک بەبۆنەی دۆڕانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بەرانبەر ئامریکا لە مۆندیالی قەتەر، لە گەڕەکی سراسیابی کەرەج بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت کوژرا. ناوبراو پاڵەوانی یاری لەشجوانی بوو و بەشداری لە ڤستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا کردبوو. 

 

سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٦- سپێهر ئەعزەمی؛ لاوی تەمەن ٢٤ ساڵ، یارسان و خەڵکی شاری سەحنە کە لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لە شاری کەرەج بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو گوللە بەر بەشی چەپی سینگی نزیک لە دڵی کەوتبوو.

 

چوارشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٢٧- هوومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لە گەڕەکی حەسەن ئاوا بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکرا و دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری ئەم شارە بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو گوللە بەر سینگی کەوتبوو.

١٢٨- مەتین نەسری؛ لاوی تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە خزمەتی سەربازی زۆرەملێی تێدەپەڕاند، بەهۆکاری سەرپێچی کردن لە فەرمانی فەرماندەکەی بۆ بەشداریکردن لە سەرکوتی بەرخۆدانی جەماوەریی بەشێوەیەکی گوماناوی کوژرا. 

 

پێنج شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) 

١٢٩- شادمان ئەحمەدی، لاوی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی دێولان چەند کاتژمێرێک دوای ڕفاندنی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە، لە پۆلیسخانەی ئەم شارە لەژێر ئەشکەنجەی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا. بەپێی ڤیدییۆییەک کە هەنگاو بڵاوی کردبووەوە، ئاسەواری لێدان و شینبوونەوە لەسەر سەر، مل و سینگی ناوبراو بە ڕوونی دەرکەوتبوو.

١٣٠- شەهریار عادڵی؛ لاوی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، کە لە کاتی خۆشحاڵی دەربڕینی خەڵک بەبۆنەی دۆڕانی تیمی هەڵبژاردەی ئێران بەرانبەر بە ئامریکا لە مۆندیالی قەتەر، لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز دەستبەسەرکرابوو و دوای چەند ڕۆژ لە کاتێکدا بەتوندی ئەشکەنجەکرابوو، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

 

دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)

١٣١- محەممەد حاجی ڕەسوڵ پوور؛ تەمەن ٥٧ ساڵ، بەندکراوی پێشووی سیاسیی و خەڵکی بۆکان، دوای کەوتنە کۆمای بەهۆی ئەشکەنجە کرانی لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا و پێنج ڕۆژ مانەوەی لەبەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی "قولی پوور"ی بۆکان، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ماوەی سێ حەوتوو ئاویان بە ناوبراو و نەدابوو و بەم هۆیەوە کەوتبووە کۆما.

 

شەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) 

١٣٢- بورهان ئەلیاسی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردوانی ئەم شارە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت شانی پێکرا و برینداربوو. دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی "ڕەسول ئەکرەم" بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

 

شەممە ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٧ی جانیوەری ٢٠٢٣)

١٣٣- محەممەد مەهدی کەرەمی؛ لاوی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کەرەج کەدوای  ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لەم شارە دەستبەسەرکرابوو و دوای ماوەیەک لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندربوو، سزاکەی لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی سەید محەممەد حوسێنی لە کەرەج جێبەجێکرا.

 

شەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٨ی فێبریوەری ٢٠٢٣)

١٣٤- موختار فەتحی؛ لاوی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، بە گومانی دروشم نووسین لەلایەن هێزەکانی پۆلیسخانەی ١٢ لەنزیک ماڵی خۆیان و لە کاتێکدا لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو، درایە بەر دەستڕێژ و کوژرا. ناوبراو خێزانداربو و هاوژینەکەی دووگیانە.

 

 

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە