ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر کوژرانی مستەفا شەعبانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە ڕەوتی بەرخۆدانی بۆکان

هەنگاو وردەکاریی کوژرانی مستەفا شەعبانی کە لە کاتی دەستڕێژیی هێزە حکوومەتییەکان لە خەڵکی بۆکان کوژرا، بڵاو دەکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو ن

٩ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٧:١٦


هەنگاو: چوارشەممە، ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

هەنگاو وردەکاریی کوژرانی مستەفا شەعبانی کە لە کاتی دەستڕێژیی هێزە حکوومەتییەکان لە خەڵکی بۆکان کوژرا، بڵاو دەکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو ناوبراو نەخۆشیی دەروونیی هەبووە و لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان و بە گوللەی شەڕ کوژراوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ مستەفا شەعبانی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، شەوی ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە کاتی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵ و بنەماڵەی ناوبراو و دەستڕێژیی ئەو هێزانە بۆ سەر ئەو بنەماڵەیە و بەرکەوتنی دوو گوللەی شەڕی چەکی کڵاشینکۆف لە لای چەپی سینگی ناوبراو، گیانی لەدەست داوە.


مستەفا شەعبانی، لە کاتێکدا خەڵکی بۆکان لەسەر بارودۆخی کامیل شەعبانی (برایەکی دیکەی ناوبراو کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە) لە گەڕەکی "ئیسلام‌ئاوا"ی ئەو شارە چووبوون بۆ سەردانی بنەماڵەی شەعبانی، بە دەستڕێژیی هێزە حکوومەتییەکان کوژرا.


پاش کۆبوونەوەی خەڵکی ئەو شارە لە پێش دەرکی ماڵی ئەو بنەماڵەیە، هێزە حکوومەتییەکان دەستڕێژییان لەو خەڵکە کردووە و خەڵک ناچار بوون لەو شوێنە خۆیان دوور بخەنەوە. بەڵام لەو کاتەدا مستەفا شەعبانی لەوێ ڕاوستابوو، بەهۆی نەخۆشیی دەروونییەوە لەو بارودۆخە مەترسیدارە کە ئەو هێزانە بەسەر ئەوێیاندا زاڵ کردبوو تێ نەگەیشتووە و لەو شوێنە دوور نەکەوتووەتەوە و بەم هۆکارەشەوە کراوەتە ئامانجی دەستڕێژی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و دوو گوللەی شەڕ (جنگی) بەر لای چەپی سنگی کەوتووە.


پاش ئەم تاوانەی هێزە حکوومەتییەکان، مستەفا شەعبانی بۆ نەخۆشخانەی "عەلیپوور"ی شاری بۆکان گواستراوەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.


ناوەندە حکوومەتییەکان لەو کاتەوە گوشارێکی لەڕادەبەدەریان خستووەتە سەر بنەماڵەی شەعبانی و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندن و میدیاکاندا بلاو بکرێتەوە، براکەی دیکەی (کامیل شەعبانی) ڕووناکی بە چاوی خۆی نابینێت و دوای ئەو هەڕەشانەش، بە زۆرەملێ نووسراوەیەکی ناڕوون بەو بنەماڵەیە واژۆ کردووە و تەرمی کورە کوژراوەکەیان بە مەرجێک ڕادەستیان کردووەتەوە کە بە بێدەنگی ئەسپەردەی بکەن.


شایانی باسە کە هەنگاو لە مانگی خەزەڵوەردا هەواڵی کوژرانی ئەو هاووڵاتییەی بەبێ وردەکاری بڵاو کردەوە.


هاوکات لەگەڵ کوژرانی مستەفا شەعبانی، شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر و بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، چوار هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی غەفوور مەولوودی، هەژار مام‌خۆسرەوی، هیوا جانجان و ئەمجەد عەنایەتی، تەمەن ٢٣ ساڵ بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان و بە گوللەی شەڕ کوژراون.


هەنگاو لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی خۆی لەسەر کوژرانی خەڵک لە شارە و ناوچەکانی کوردستان بەردەوامە و لە بەدەستهێنانی هەر زانیارییەکی ئاکامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیدا بڵاوی دەکاتەوە و ڕای گشتیی لێ ئاگادرا دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە