ڕاپۆرتی ژمارە(١)؛ خۆپیشاندانی بەرفراوان لە کوردستان هاوکات لەگەڵ چوارشەممە سووری

هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری، هاووڵاتییانی کوردستان بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەهید نامرێت" و "مردن بۆ دیکتاتۆر" ناڕەزایەتی خ

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٠٠:٠٠


هەنگاو؛ سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری، هاووڵاتییانی کوردستان بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەهید نامرێت" و "مردن بۆ دیکتاتۆر" ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی حکوومەت سەرەڕای بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان کوتان، ڕاستەوخۆ تەقەیان لە هاووڵاتییان کرد و لە شاری سەقز کەڵکیان لە گازی فرمێسک ڕێژ وەرگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی سێشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٤ی مارسی ٢٠٢٣) خەڵک لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، بانە، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان، جوانڕۆ، کرند، سەرپێڵی زەهاو، ئورمیە و کرماشان خۆپیشاندانیان کرد و لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی حکوومەت ئاڵۆزی دروست بوو.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆ یانەی دەستی هەنگاو گەیشتوون، لەم خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی حکوومەت لە شارەکانی بۆکان، سەقز و سنە ڕاستەوخۆ خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژ. بەپشت بەستن بەو ڤیدییۆ و هەواڵانەی بۆ هەنگاو نێردراون، لە گەڕەکی کەریم ئاوا و شەقامی فەرهەنگیان لە شاری سەقز لانی کەم ٨ کەس ولە نزیک پارکی "کودەک" لە شاری سنە لانی کەم ٦ کەس لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت بریندارکراون.


لەم خۆپیشاندانانەدا هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لە ماتۆڕسوارێکی ناڕازی لە "شەقامی نەورۆز، کۆڵانی فەرهەنگیانی ١" لە شاری سەقز کردووە و شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە وێڕای برینداربوون و خوێنڕیژیی ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دراوەتە بەرلێدان و کوتان و ڕفێندراوە.


هەروەها لە شەقامی مەنبەع لە مەهاباد هاووڵاتییەکی بە ناوی سامان (نێوبانگی نادیار) لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە.


لەشارەکانی دیکەی کوردستان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە کە هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی دواتردا وردەکارییەکانی بڵاو دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە