ڕفاندنی ۶ مامۆستای ناڕازی لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان

لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و دایک و باوکانی قوتابییان لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، لانی کەم ۶ مامۆستا بە ناوەکانی ب

١٧ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١١:١٥


هەنگاو: ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢
لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و دایک و باوکانی قوتابییان لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، لانی کەم ۶ مامۆستا بە ناوەکانی بەهادین مەلەکی، وریا کەریمی، کەماڵ فەکووریان، جەبار پاکزاد، موختار ئەسەدی و عابید ئەحمەدی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆی سێشەممە، ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٧ی مارسی ٢٠٢٣) بەهادین مەلەکی و وریا کەریمی، دوو مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی شاری سنە، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە پێش بینای پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.


هەروەها کەماڵ فەکووریان و جەبار پاکزاد، دوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەییی مامۆستایانی شاری سنە، لە کاتی سەردانی پۆلیسی ئەمنییەت بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخ و چارەنووسی هاوکارەکانیان، خۆشیان لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون.


هەر لە درێژەی ڕفاندنی مامۆستایاندا، موختا ئەسەدی مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سنە، لە ماڵەکەی خۆی لەو شارە و مامۆستایەکی دیکە بە ناوی عابید ئەحمەدی، لە پێش بینای پۆلیسی ئەمنییەت لەو شارە ڕفێندراوە.


هەروەها کۆمەڵێک لە مامۆستایان و بەشداربووانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لەسەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە چەکی ساچمەیی دراونەتە بەر دەستڕێژ و تەقەیان لێ کراوە.


ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە بانگەوازی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایان بۆ ناڕەزەیەتی لەسەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران ڕێک خرا و بەڕێوە چوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە