ژنێک و چوار پیاو لە بەندیخانەی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە

پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکان وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پڕحازوو، مەنسوور ڕەسووڵی و نەسیم نەمازی، لەلایەن دادگای

٢ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٠:٤٦


هەنگاو: چوارشەممە، ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکان وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پڕحازوو، مەنسوور ڕەسووڵی و نەسیم نەمازی، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکانی نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پڕحازوو و مەنسوور ڕەسووڵی، لە کۆتایییەکانی مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ و لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "هاوکاریی ئەمنییەتی و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها ئەو دادگایە بە تۆمەتی هاوشێوە، پێنج هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارەی بە ناوەکانی کامران هەنارە، فەخرەدین دووکانلووی میلان، ئەشکان عوسمان‌نژاد گەندووک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگچین، هەر کامێکیان سزای ١٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

لەنێو ئەو بەندکراوانەدا ڕەسووڵ مەنسووری ناسراوترە. پێشتر ڤیدیۆیەکی "لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە" لە ناوبراو لەلایەن "گرووپێکی سەر بە ئیسرائیل" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە.

ئەو ١٠ بەندکراوەی خەڵکی ئورمیە، ساڵی ٢٧٢١ و ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون و پاشان هەر کامەیان ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ئارام عومەری، ڕەحمان پڕحازوو، ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دووکانلووی میلان و ئەشکان عوسمان‌نژاد بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سزاکەیان ماوەی چەند ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و دواتر بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراونەتەوە.


ئەو پێنج بەندکراوە، ڕۆژی ڕابردووش دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بە شێوەی کاتی مانگرتنەکانی خۆیانیان ڕاگرتووە و بۆ بەندی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە گەڕێندراونەتەوە.


نەسیم نەمازی، لەو بەندکراوانەیە کە هاوکات لەگەڵ مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ئورمیە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەەوە و هەنووکەش ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی جددییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە