کرماشان؛ کوژرانی لاوێکی کورد بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان

لاوێکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی ئازاد ڕەزایی، لە شاری کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان سەری پێکراوە و

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٣:٠٩


هەنگاو: سێشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

لاوێکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی ئازاد ڕەزایی، لە شاری کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان سەری پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لاوێکی کورد بە ناوی ئازاد ڕەزایی، تەمەن ٢۵ ساڵ، پەیڕەوی ئایینی یارسان و دانیشتووی گەڕەکی دەرەدێژی شاری کرماشان، کاتژمێر ٢٣ی شەوی دووشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢٧ی مارسی ٢٠٢٣)، لە دەوروبەری گۆڕەپانی "نیایش"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕەزایی، هێزە حکوومەتییەکان لە پشتەسەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی (پژۆی جۆری ٤٠۵) ئازاد ڕەزایی و تەقەیان لەو لاوە کوردە کردووە و سەری پێکراوە، بەم هۆیەشەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ سێ هاوڕێی دیکەی لەناو شاردا سووڕاونەتەوە و ناوبراو شۆفێری ئۆتۆمۆبیلەکە بووە و هێزە حکوومەتییەکان وابێژیی ئەوەیان کردووە کە لە بازگەی پشکنینی ئەو هێزانەدا ڕانەوستاوە و بەو هۆیەوە تەقەیان لێ کردووە، بەڵام ئەم وابێژییەی هێزە حکوومەتییەکان لەلایەن بنەماڵەی ڕەزایی و هاوڕێیەکانییەوە ڕەت کراوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئەو لاوە کوردە کە ساڵی ڕابردوو ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە، لە پزیشکی دادوەریدایە و بەیانی (٩ی خاکەلێوە) ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە.

ئازاد ڕەزایی، تەمەن ٢۵ ساڵ، لە هۆزی قەڵخانی و خەڵکی گوندی "بانی‌بید"ی سەر بە قەزای "گاوارە"ی شاری داڵاهۆ و دانیشتووی خودی شاری کرماشان بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە