کوژرانی بەندکراوێک لە تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان

بەندکراوێکی خەڵکی شاری شاباد بە ناوی مەهدی کەرەمی، بەهۆی شەڕ و تیکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان کوژرا.

٥ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٠:٢٨


هەنگاو: شەممە، ۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

بەندکراوێکی خەڵکی شاری شاباد بە ناوی مەهدی کەرەمی، بەهۆی شەڕ و تیکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٣) بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان (دیزڵ‌ئاوا)، بەندکراوێکی خەڵکی شاری شاباد بە ناوی مەهدی کەرەمی کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە لەلایەن بەندکراوێکی دیکە بە ناوی میلاد جامع‌شوورانی و بە لێدانی چەقۆ کوژراوە.

هەنگاو پێشتریش هەواڵی کوژرانی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی مەجید شاهوەیسی، تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی کرماشان، بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە و بە لێدانی چەقۆ لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بڵاو کردەوە.

هەروەها هەنگاو لەسەر نەبوونی ئەمنییەتی گیانی و مەترسیی سەر بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی داوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان و ئەو بەڵگانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، جیا لە هەبوونی مافیای بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان، هاوکات جۆرەکانی چەکی سارد بە بەرتیلدان بە هێزەکانی حکوومەت دەبرێنە ناو بەندیخانەکان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە