کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە شاری مەهاباد

ئەندامێکی سوپای پاسداران کە بەپێی زانیارییەکان ڕۆڵێکی کارای لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارەدا هەبووە، لەلایەن گرو

٢٧ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٥:٠٣


هەنگاو: شەممە، ٢٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

ئەندامێکی سوپای پاسداران کە بەپێی زانیارییەکان ڕۆڵێکی کارای لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارەدا هەبووە، لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٣)، ئەنوەر عەزیزی، ئەندامی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی بنکەی بەسیجی گوگتەپەی شاری مەهاباد، لە ماڵی خۆیدا و لەلایەن کەسانێکی چەکداری نەناسراوەوە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەنوەر عەزیزی، خەڵکی گوندی "تازەکەند"ی سەر بە ناوچەی شاماتی مەهابادە و دانیشتووی ئەو شارە (باڵەخانەکانی فەجر) بووە و لەلایەن گرووپێکی نەناسراوی چەکدارەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و ١٢ گوللەی بەر کەوتووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەو هەواڵە، ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لەسەر کوژرانی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران نەبووە و لە لایەکی دیکەشەوە هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.


شایانی باسە کە شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن ئەنوەر عەزیزی وەکوو یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران دەستی هەبووە لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی شاری مەهاباددا.


لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە شاری مەهاباد لانی کەم ١٣ هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون، هەروەها سەدان کەسیش بریندار بوون و جیا لەوانەش لەلایەن ئەو هێزانەوە سەدان کەس ڕفێندراون و ئەشکەنجە دراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە