گواستنەوەی دووبارەی هێمن مستەفایی بۆ بەندیخانەی سنە و مەترسیی ئەگەری لەسێدارەدانی لەسەرە

هێمن مستەفایی، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، پاش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕەوتی ناڕەز

١١ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢١:١٣


هەنگاو: پێنجشەممە، ١١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

هێمن مستەفایی، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، پاش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە، دوای ١٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن جارێکی دیکە بۆ ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە. ناوبراو کە بەهۆی ئەشکەنجەوە چەند ئەندامی جەستەی شکاوە، بە دۆسیەسازیی بەرپرسانی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی، گیانی لە مەترسیدایە و ئەگەری لەسێدارەدانی لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١ی مارسی ٢٠٢٣)، هێمن مستەفایی، بەندکراوی خەڵکی شارەدێی "کانی دینار"ی شاری مەریوان کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، پاش ۵ مانگ لێکۆڵینەوە، لێپرسینەوە، ئەشکەنجە و ئازاردان لە کاتێکدا مانی لە خواردن گرتبوو، جارێکی دیکە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاو کردەوە؛ هێمن مستەفایی پێش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت شاری سنە تێپەڕ دەکرد؛ ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتیی پارێزگای سنە هەڕەشەی جێبەجێکرانی "سزای سێدارە"ی سەپێندراو بەسەریدا لێ کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە، گوللەی چەکی ساچمەییی هێزە حکومەتییەکان بەر لای چەپی سینگی کەوتبوو و ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵاییی جەستەی ناوبراو و نزیک لە دڵی.


سەرەڕای سەختیی برین و خراپیی دۆخی تەندروستیی هێمن مستەفایی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری و چارەسەریی پزیشکی، هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕێگەی گواسترانەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەدراوە.


هێمن مستەفایی، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ٢٧١٢، بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنەئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بوو.


دواتر ئەم بەندکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی حکوومەت لە سنە، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای "قەساس" و بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


شایانی باسە کە ناوەندە حکوومەتییەکان لە شاری سنە، دۆسیەی تۆمەتی موحارەبەیان بۆ هێمن مستەفایی دەرکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.


هەروەها لە جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٧، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە گواستراوەتەوە کە لە کۆتاییدا بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەروەها وەرگرتنی لێخۆشبوونی سکاڵاکەری تایبەت، جێبەجێکرانی سزاکەی هەڵوەشایەوە.


پێش دەستبەسەرکرانی هێمن مستەفایی، بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبێکی کوردستانی بووە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی بەیان کاکەخانی، هیوا دادئافەرین و خەلیل شێرزادی بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ئیبراهیم محەممەدی دەستبەسەر کرابوون کە دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم کەسانە لەژێر ناوی "سوژە مرگ" لە کەناڵی "پرس تی ڤی" سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ٢٧١٣ بڵاو کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە