گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر فەرەیدوون نەبی، لاوی خەڵکی پیرانشار کە بە بارمتە گیراوە

فەرەیدوون نەبی، لاوی خەڵکی پیرانشار کە چوار مانگە پێش لەسەر براکەی بە ناوی فەردین نەبی بە بارمتە گیراوە، لە بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٦:٠١


هەنگاو: شەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

فەرەیدوون نەبی، لاوی خەڵکی پیرانشار کە چوار مانگە پێش لەسەر براکەی بە ناوی فەردین نەبی بە بارمتە گیراوە، لە بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە لەژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەدایە. بنەماڵەی فەرەیدوون نەبی لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە بانگ کراون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ فەرەیدوون نەبی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، سەرەڕای ئەوەی کە بۆ بەندیخانەی حکوومەت لە شاری نەغەدە گواستراوەتەوە، بەردەوام بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری جەستەیی و دەروونیی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باوکی ئەو بەندکراوە و هاوژینی فەرید نەبی، برای ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگ کراون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.


ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە؛ وەزارەتی ئیتلاعات بەتەمایە بە دژی فەرەیدوون نەبی دۆسیەسازی بکات تاکوو ئەوەی کە خۆیان مەبەستیانە لە درێژەی بەرنامەکانیان بیبەنە پێشەوە.


هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاوی کردوەوە؛ هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ڕاستەوخۆ دانیان بە بارمتەگرتنی فەرەیدوون نەبیدا ناوە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە، کە لە ئەگەری ڕادەستنەکردنی فەردین نەبی، چارەنووسی کوڕەکەیان دەکەوێتە مەترسییەوە.


لەم ڕاستایەدا، ئەم هێزانە دەستیان بەسەر مۆبایلی دایک و باوک، هاوژین و خوشکەکانی فەردین نەبیدا گرتووە و هیچ بەرپرس و لایەنێکی پەیوەندیداری حکوومەتی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی وەڵامدەریان نەبوون.


ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) هێزەکانی حکوومەت، فەرەیدوون نەبی تەمەن ٢١ ساڵەیان، بەمەبەستی خۆبەدەستەوەدانی فەردین نەبی، برا گەورەی ناوبراو بە بارمتە گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە