عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

16:25 - 17 April 2023


هەنگاو: دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣


عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و خەڵکی سەقز، دوای نزیکەی ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە بەشێوەیەکی کاتی هەتا تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣) عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری ناسراوی کورد، بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بەشێوەیکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.


عوسمان ئیسماعیلی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٨ی فێبریوەری ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شەقامی "شوهەدای"ی شاری سەقز ڕفێندرا. ناوبراو دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.


ئەم چالاکە کرێکارییە، لە ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردووش، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە شاری سنە گواستراوە. ناوبراو لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازادکرا.


عوسمان ئیسماعیلی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاری ناسراوی شاری سەقزە کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراوە.