بانگکردن و هەڕەشە لە ئەفسانە یووسفی، دایکی پژمان فاتیحی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە

ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری کامێران بە چڕوپڕی گوشاریان بۆ سەر بنەماڵەی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد هێناوە و بەم هۆیەشەوە ئەفسا

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٦:٥١


هەنگاو: دووشەممە، ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری کامێران بە چڕوپڕی گوشاریان بۆ سەر بنەماڵەی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد هێناوە و بەم هۆیەشەوە ئەفسانە یووسفی، دایکی ئەو بەندکراوە سیاسییەیان بانگ کردووە و چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەفسانە یووسفی، دایکی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد، پاش ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بانگ کراوە، چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کردووە و ئەشکەنجەی دەروونییان داوە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەیان لە ناوبراو کردووە کە دیسان بانگ دەکرێتەوە و دەستبەسەریشی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ هێزەکانی ئیتلاعات لە کامێران جیا لە ئەشکەنجەی دەروونی و ڕۆحیی ئەفسانە یووسفی، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی کوڕەکەیان لە بەندیخانەدا نەکەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا ناوەندە حکوومەتییەکان، هەڕەشەیان لە بەیانی عەزیمی، هاوژینی پژمان فاتیحی کردووە کە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە و وتوویانە دەبێت واز لە چالاکی و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر بارودۆخی هاوژینەکەی بهێنێت.

شایانی باسە کە ئەفسانە یووسفی، دایکی پژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە ناوەڕاستەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و لە پەیامەکەیدا داوای لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد کە هەوڵ بۆ ڕزگارکردنی گیانی کوڕەکەی بدەن.

پژمان فاتیحی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، ماوەی ٩ مانگە دەستبەسەر کراوە و هێشتا بەبێ مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بەند کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، تەمەن ٢٧ ساڵە و خەڵکی شاری مەهاباد، محەممەد فەرامەرزی، تەمەن ٢٨ ساڵە و خەڵکی شاری دێولان و هەروەها وەفا ئازەربار، تەمەن ٢۶ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە هەرچواریان ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن، لە گوندی "یەنگجە"ی سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆست لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند؛ ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (۵ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، بۆ جاری دووەم فیلمی دانپێدانانی زۆرەملێی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتیحی لە تەلەڤزیۆنی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڵاو کراوەتەوە، وێڕای ئەوەی کە ناوەندە حکومەتییەکان دۆسیەسازییان بۆ ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کردووە، بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە مەترسی و نیگەرانیی ئەگەری جێبەجێبوونی سزای قورس لەسەر ئەو هاووڵاتییە زیاتر کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە