برینداربوونی دوو منداڵ لە شاری سنە بەهۆی تەقینەوەی مین

بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری شاری سنە دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەرشیا نووری و پێشڕەو سەمەدی، بەدژواری بریندار بوون و بۆ ناوە

٨ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٠:١٤


هەنگاو: هەینی، ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری شاری سنە دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەرشیا نووری و پێشڕەو سەمەدی، بەدژواری بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەرشیا نووری، تەمەن ٩ ساڵ و پێشڕەو سەمەدی، تەمەن ١١ ساڵ، لە نزیکی بنکەی سەربازیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی جێگیر لە گوندی "سەراوقامیش"ی سەر بە شاری سنە، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو منداڵە پاش ئەوەی کە بریندار بوون، بۆ نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە گواستراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ دۆخی تەندروستیی پێشڕەو سەمەدی، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە باشتر بووە، بەڵام ئەرشیا نووری، بەهۆی دژواریی برینەکەیەوە بۆ ژووری نەشتەرگەریی ئەو نەخۆشخانەیە گواستراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانی کەم ٣۶ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین کە ٣٠٪ ئەو قوربانیینە (١١ کەس) منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە