بەهار زەنگیبەند، مامۆستای زانکۆی "ئازاد"ی سنە لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە

بەهار زەنگیبەند، مامۆستای زانکۆی "ئازاد"ی شاری سنە کە پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٦:٣٤


هەنگاو: چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

بەهار زەنگیبەند، مامۆستای زانکۆی "ئازاد"ی شاری سنە کە پێشتر لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن ناوەندی پاراستنی ئەو زانکۆیە وانەوتنەوەی لێ قەدەغە کرا و لەو زانکۆیە دەرکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەهار زەنگیبەند، مامۆستای ڕاهێنان و پێگەیاندنی وەرزشوانان لە زانکۆ "ئازاد"ی شاری سنە، بە گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و بە بڕیاری ناوەندی بڕیاری پاراستنی ئەو زانکۆیە، لە مافی وانەوتنەوە و مامۆستایەتیی ئەو زانکۆیە بێبەری کرا و لەسەر کار دەرکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستای زانکۆیە، ۶ مانگ پێشتریش لە بەشداریکردنی وانەکانی زانکۆ و وانەوتنەوە بە خوێندکارانی لەو زانکۆیە بێبەری کرابوو.

شایانی باسە کە بەهار زەنگیبەند ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵی بەردەوامە وەکوو مامۆستا گرێبەستی وانەوتنەوەی لەگەڵ زانکۆی "ئازاد"ی شاری سنە هەیە و کار دەکات.

ناوبراو جیا لە وانەوتنەوەی تیۆری و ئەکادیمیک، یەکێک لە چالاکانی ناسراوی مافەکانی ژنانە لە شاری سنە و ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە دەستبەسەر کرا. دواتر لە ١۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە دەستبەسەرگە ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە