بەکارهێنانی نایاساییی ئۆتۆمبێلی تاکەکەسیی بەندکراوێکی سیاسیی کورد لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک بە ناوی مورتەزا محەممەد، کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیم ناوەندە حکوومەتییەکاندا بو

٢٣ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٣:٠٩


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک بە ناوی مورتەزا محەممەد، کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیم ناوەندە حکوومەتییەکاندا بوو، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سنە، بە مەبەستی دۆسیەسازی بۆ ناوبراو بە شێوەی نایاسایی بەکار هێنراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ پۆلیسی "فراجا" ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣) سزای لەسەر ئۆتۆمبێلی مورتەزا محەممەدی تۆمار کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆتۆمبێلی تاکەکەسیی ناوبراو لەلایەن ئیتلاعاتی سنە دەستی بەسەردا گیراوە.

تۆمارکردنی سزا بۆ ئەو ئۆتۆمبێلە لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ، دەرخەری ئەوەیە کە شۆفێرەکەی لە دارستانەکانی پارێزگای گوڵستان بە شێوەیەکی نایاسایی و بە خێرایەکی زۆرەوە لێخوڕیوە.


بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تاکەکەسیی مورتەزا محەممەدی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات، لە کاتێکدایە کە دوو جار لەلایەن لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادگای گشتی و شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە سنە، لە ڕۆژەکانی ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ و ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەسەرداگرتنی دراوە.


مورتەزا محەممەدی، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، لە گۆڕەپانی "دایک"ی شاری سنە و لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بەرەو ماڵ دەڕۆیشتەوە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕاگیراوە و ناوبراویان ڕفاندووە.


هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند؛ هێزەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ ڕوو بە ئۆتۆمبێلەکەی مورتەزا محەممەدی تەقەیان کردووە و دوای ڕاگرتن و ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییە، ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ ناوەندی هەواڵگریی ئیتلاعات گواستراوەتەوە.


شایانی باسە کە مورتەزا محەممەدی و سیروانی برای، لە ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە سنە ئازاد کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە