تۆمارکرانی لانی کەمی ٥ حاڵەتی هێرشی کیمیایی سیستماتیک بۆ سەر قوتابخانەکانی کرماشان، سنە و تاران لە یەک ڕۆژدا

لە درێژەی هێرشە کیمییایە سیستەماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان، لانی کەم ٥ ناوەندی خوێندن لە شارەکانی سنە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج، کە بەهۆیەوە

٥ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٩:١٠


هەنگاو: سێشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لە درێژەی هێرشە کیمیاییە سیستەماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان، لانی کەم ٥ ناوەندی خوێندن لە شارەکانی سنە، کرماشان و تاران کرانە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک قوتابی ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی سیستماتیک بۆ سەر قوتابخانەکانی نیایش و مەستوورەی ئەردەڵان لە شاری سنە، ژمارەیەک قوتابی ژاراوی بوون.

بەوتەی شایەتحاڵان لە قوتابخانەی مەستوورەی ئەردەڵان، لە سەرەتای دەستپێکردنی وانەکان، بەڕێوەبەرانی قوتابخانە مۆبایلیان لە هەموو قوتابییان وەرگرتووەتەوە.

هەروەها بەڕێوەبەرانی قوتابخانە، هەتا کاتی تەواوبوونی دەوامی ئاسایی قوتابخانە ئیزنیان بە هاتنە دەرەوەی قوتابییان نەداوە و ڕێگریان لە چوونەوە دەروەیان کردووە.

هەر لەم ڕاستایەدا هێرشی کیمیایی کراوەتەوە سەر قوتابخانەی کوڕانەی محەممەدیان هەڵکەوتوو لە گۆڕەپانی نەوتی کرماشان و هەروەها قوتابخانەی کچانەی قدوسی ئەم شارە و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون.

لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، هونەرستانی کچانەی ئاوین لە تاران کرایە ئامانجی هێرشی کیمیایی و هەندێک لە قوتابی لەم ناوەندی خوێندنە ژەهراوی بوون.

ڕۆژی ڕابردوو، دووشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، هێرشی کیمیایی لە ١٠ ناوەندی خوێندن لە شارەکانی سنە، هەمەدان، کەرەج و تاران تۆمارکرا، کە بەهۆیەوە دەیان قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە