جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢١:١٨


هەنگاو: یەکشەممە، ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤٨ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون کە ٣ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون، ئەم ئامارەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٧٠٪ زیادی کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ (جەنیوەری، فێبریوەری و مارس) لانی کەم سزای سێدارەی ٤٨ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی حکوومەت لە کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە ٣٤٪ ی گشت لە سێدارە دراوانی ئێرانە کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا سزاکەیان لە ئێران جێبەجێ کراون. لەو ماوە دیاریکراوەدا لانی کەم ١٤١ بەندکراو لە سەرانسەری ئێراندا لە سێدارە دراون.

ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا کە ١٣ بەندکراوی کورد لە سێدارە درابوون، ٢٧٠٪ زیادی کردووە. هەنگاو لەو بڕوایەدایە کە حکوومەتی ئێران بۆ ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی کوردستان بە هۆی شۆڕشی ژینا، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هاووڵاتییانی کورد و بەتایبەت لە شارەکانی ناوەندی ئێرانی زیاد کردووە.


شایانی باسە کە لەو ماوەیەدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کەرەج جێبەجێ کراوە. هەروەها چوار بەندکراوی کوردیش لە بەندیخانەی ئەراک و دوو بەندکراوی کوردی دیکەش لە بەندیخانەکانی هەمەدان و بەندەر عەباس لە سێدارە دراون.

 

جیاکردنەوە بە پێی تۆمەت:
سیاسی: ٣ کەس واتە ٦٪ی هەموو حاڵەتەکان.
کوشتنی بەئەنقەست: ١۶ کەس واتە٣٣.٥٪ی هەموو حاڵەتەکان.
ماددە هۆشبەرەکان: ٢٧ کەس واتە ٥٦٪ی هەموو حاڵەتەکان.
دزی: ٢ کەس واتە ٤.٥٪ی هەموو حاڵەتەکان.

 


جیاکردنەوە بەپێی شوێنی لەسێدارەدان:
پارێزگای ئورمیە: ١٩ کەس.
پارێزگای کرماشان: ٨ کەس.
پارێزگای سنە: ٣ کەس.
پارێزگای ئیلام: ٢ کەس.
بەندیخانەکانی شارەکانی دیکەی ئێران: ١۶ کەس.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە