حەسەن جووجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسیی کورد پاش پێنج ساڵ بەندکردن ئازاد کرا

حەسەن جووجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی پێنج ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەند

٣١ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٠:٢١


هەنگاو: پێنجشەممە، ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

حەسەن جووجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی پێنج ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل، لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ حەسەن جووجەگەڵوانی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤۵ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، پاش کۆتاییهاتنی ماوەی پێنج ساڵ بەندکرانی سەپاو بەسەر ناوبراودا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ئازاد کراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا لە مافی مەرەخەسی بێبەری و بێبەش کراوە.

حەسەن جووجە گەڵوانی، خەڵکی پیرانشار و ئەندامی سوپای پاسداران و فەرماندەی پایەگایەکی سوپا لە سەرسنوور بووە. ناوبراو ڕۆژی شەممە ٢٩ ی بانەمەڕی ٩٧ (١٩ مەی ٢٠١٨)، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو دواتر لە لایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بە تۆمەتی" سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بە سەردا سەپا و ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.


جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بووە و لە کاتی دانیشتنی دادگا مافی وەرگرتنی پارێزەری نەبووە.


حەسەن جووجە گەڵوانی، دواجار مانگی خەرمانانی ٢٧١٨ (سێپتەمبەری ٢٠١٨)، لە بەندیخانەی ئورمیەوە گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل و تا ئێستا لە مافی مرەخەسی بێ بەش بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە