درێژەی هێرشی کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان؛ لانی کەم ١٠ قوتابخانە لە یەک ڕۆژدا کرانە ئامانج

هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارە جیاوازەکانی تاران، کەرەج، ئورمیە، خۆی، سنە و کرماشان درێژەی هەیە. لە ئەنجامی ئەم هێرشان

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٢:٣٥


هەنگاو: دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

هێرشە کیمیاییە سیستماتیکەکان بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارە جیاوازەکانی تاران، کەرەج، ئورمیە، خۆی، سنە و کرماشان درێژەی هەیە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە ژمارەیەکی زۆری قوتابی لە دە قوتابخانە کچانەکاندا ژهراویبوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٠ی ئەپریلی ٢٠٢٣) هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی فەرزانگانی دوو و هەروەها قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری ئورمیە.

هاوکات، قوتابخانەی کچانەی نێرگز لە شاری خۆی و قوتابخانە کچانەکانی مەهدیە، قودووسی، فاتمە زەهرا و عیسمەت لە شاری کرماشان، کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی و ژمارەیەکی زۆری قوتابی بە هۆییەوە ژەهراویبوون و بۆ نەخۆشخانەکان گواسترانەوە.


هەروەها هێرشی کیمایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی فەرزانگانی یەک لە شاری سنە و بە هۆییەوە لانی کەم ٨ قوتابی بەهۆی هەڵمژینی ئەم گازانەوە ژەهراویبوون.


هەروەها هێرشی کیمایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی بنت الهدی لە تاران و قوتابخانەی کچانەی سەدر لە کەرەج و لە وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە قوتابخانەی بنت الهدی دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی زۆری هێزە حکوومەتییەکان لە دەوروبەری ئەو قوتابخانەیە جێگیرکراون.


هەر لەم ڕاستایەدا، ئەمڕۆ دوای بڵاوکردنەوەی چەند بانگەوازێکی پێشینەی قوتابییان لە شاری سەقز بۆ مانگرتن لە دژی ژەهراویکردنی سیستماتیکی قوتابییان بە گازی کیمیایی، مانگرتنێکی بەرفراوان لەسەر ئاستی ئەم شارەدا بەڕێوەچوو.


لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی سنفی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ژەهراویکردنی قوتابیانیان سیستماتیک و ڕێکخراو ناوبرد. لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بکەرانی ئەم کارە لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.


هەنگاو داواکاری ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی شاری بانەی لەم ڕاستایەدا بەدەست گەیشتووە کە داوایان لەم ڕێکخراوی مافی مرۆڤییە کردووە کە دایک و باوکی قوتابییان ئاگادار بکاتەوە کە بۆ پاراستنی گیانی منداڵەکانیان هەتا کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و جێگیربوونی ئاسایش منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەنێرن.


هەروەها قوتابییانی سەقز ڕاینگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممەش قوتابخانە بایکۆت دەکەن و لە پۆلەکانی خوێندندا ئامادە نابن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە