میلاد زەهرەوەند یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی جەماوەریی مەلایر، مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەر

میلاد زەهرەوەند، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەلایر و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو شارە، بە دەستێوەردانی هێزەکانی سوپای پاسدا

٩ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٧:٥٣


هەنگاو: شەممە، ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

میلاد زەهرەوەند، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەلایر و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو شارە، بە دەستێوەردانی هێزەکانی سوپای پاسداران لە دۆسیەکەیدا، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سەپێندراو بە سەریدا لەئارایە.

بەپێی زانیاریی هەنگاو؛ میلاد زەهرەوەند، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەلایر سەر بە پارێزگای هەمەدان، بە سیناریۆیەکی داڕێژراو لەژێر ناوی "کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران" لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو، سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی عەلی نەزەری، ئەندامی کوژراوی سوپای پاسداران، بەڵگەی لێخۆبووشنی یاسایییان واژۆ کردووە و لە میلاد زەهرەوەند خۆش بوون، بەڵام سوپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر پارێزەری بنەماڵەی ئەو ئەندامە کوژراوەی هێزە حکوومەتییەکان و بەتەواوەتی دۆسیەکەی بە دەستەوە گرتووە و بەبێ ڕەزامەندیی ئەو بنەماڵەیە، داوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی خێرای ئەو هاووڵاتییە دەکات.


میلاد زەهرەوەند، ڕۆژی پێنجشەممە، ۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری مەلایر و لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە هاوکات لەگەڵ پێنج کەسی دیکەدا دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لەو کاتەوە تاکوو ئێستا ناوبراو لە بەندیخانەی حکوومەت لە مەلایر ڕاگیراوە.


بڕیاری جێبەجێکردنی سزای سێدارە و تەنانەت دەستبەسەرکرنی میلاد زۆهرەوەند تاکوو ئێستا لە هیچ ڕاگەیاندن و میدیایەکدا بڵاو نەکراوەتەوە و هەنگاو یەکەم ڕاگەیاندنە هەواڵی ئەو هاووڵاتییەی بڵاو کردووەتەوە.


شایانی باسە کە میلاد زەهرەوەند لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە کە وەک تاوانبارێک تەنانەت بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەبوا ئەو مافانە پارێزاراو بوایاتن.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانە و مەحکوومکردن و هەروەها دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەسەر دۆخی میلاد زەهرەوەند، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات کە دۆسیەی ناوبراو پشتگوێ نەخەن و هەوڵ بۆ پێشگیری لە ئەگەری جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ئەو هاووڵاتییە بدەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە