هێرشی بەرفراوانی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان؛ لانی کەم ٩ قوتابخانە لە سنە، سەقز، دیواندەرە و ئورمیە کرانە ئامانج

لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە و ئورمیە، ژمارەیەکی زۆری قوتابی ژەهراوی ب

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٩:٤٩


هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە و ئورمیە، ژمارەیەکی زۆری قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە کە دۆخی تەندروستی ژمارەیەکیان مەترسیدارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لانی کەم ٦ قوتابخانەی کچانە بە ناوەکانی چەمران، مێعراج، تاڵقانی، سومەیە، بینتولهودای سەدر و ئیستقلال لە شاری سەقز کەوتنە بەر هێرشی کیمیایی.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانە، لانی کەم ٨٥ قوتابی خەڵکی سەقز بۆ نەخۆشخانەکانی "خومەینی"، "شەفا" و "تامین ئیجتماعی" ئەم شارە گواسترانەوە کە دۆخی تەندروستیی زیاتر لە ٢٠ کەسیان جێگای مەترسییە.


هەروەها هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی ٢٤ کاتژمێری عیسمەت بەشی زەرینە لە شاری دیواندەرە. بەهۆی ئەم هێرشانەوە ژمارەیەکی زۆری قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەکان گواسترانەوە.


هەر لەم ڕاستایەدا قوتابخانەکانی بەهمەنی و جەماران بۆ کچان لە شاری سنە و هونەرستانی کوڕانەی موتەهەری لە شاری ئورمیە کەوتنە بەر هێرشی کیمیایی و ژمارەیەکی زۆری قوتابییانی ئەم قوتابخانە ژەهراوی بوون.


لەئەنجامی ئەم هێرشانە، خەڵکی سەقز هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمییان لە دژی حکومەت وتەوە. لە بەرانبەریشدا، هێزەکانی حکوومەت لە گەڕەکی "شەهناز"ی ئەم شارە ڕاستەوخۆ خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژ و ژمارەیەک خۆپیشاندەریان دەستبەسەرکرد.


بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بەم هێرشانە قوتابییانی شاری سەقز ڕاینگەیاند ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە قوتابخانەکان بایکۆت دەکەن و داوایان لە هەموو مامۆستایان و قوتابییانی سەرتاسەری ئێران کرد کە پشتیوانیان بن و پەیوەستی ئەم مانگرتنە بن.


هەر لەم ڕاستایەدا، هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە: ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣) کارۆ پیشابادی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی "پەشاوا سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی تاران، دوای مانەوەی سێ حەوتوو لە نەخۆشخانە بەهۆی بەرکەوتنی بە گازی کیمیایی لە نەخۆشخانەی "میلاد"ی تاران گیانی لەدەستدا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە