هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان درێژەی هەیە؛ ٢٠ قوتابخانە کرانە ئامانجی ئەم هێرشە سیستەماتیکانە

ئەمڕۆ، لانی کەم ٢٠ هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی ئەنجامدراوە، لەم نێوەدا پێنج قوتابخانەی شاری بۆکان کراونەتە ئامانج. شارەکانی گیەڵان، کەرەج، تەور

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢١:٤٤


هەنگاو: دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ئەمڕۆ، لانی کەم ٢٠ هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی ئەنجامدراوە، لەم نێوەدا پێنج قوتابخانەی شاری بۆکان کراونەتە ئامانج. شارەکانی گیەڵان، کەرەج، تەورێز، خوڕەم ئاباد، دزفوول، ئیسفەهان، سەقز، ئورمیە، سنە، ڕەوانسەر و کرماشان ئەو شارانەی دیکەن کە ئەم هێرشانەیان تێدا ئەنجامدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣) قوتابخانە کچانەکانی فەجر، عیسمەت، ستایش، شاهد و هونەرستانی شەرەف لە شاری بۆکان کرانە ئامانجی هێرشە کیمیاییەکان.


نیان کەریمی، قوتابی بەشی پەروەردەی جەستەی هونەرستانی فەجری بۆکان، بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە بە شێوەیەکی خێرا وئۆرژانس بۆ نەخۆشخانەیەک لە ئورمیە گواستراوە.


هاوکات لەگەڵ هێرشی کیمیایی لە بۆکان، هەلیکۆپتەری سەربازی بەسەر ئاسمانی ئەم شارە دەسووڕانەوە و هێزەکانی سەرکوت لە شوێنە گشتییەکان جێگیرکرابوون.


هەروەها لە شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی ناوەندی ١٧ی شەهریور، هونەرستانی ئەندێشە و دوو قوتابخانەی دواناوەندی عیسمەت و خەدیجەی کوبرا.


دوو قوتابخانە لە شاری کەرەج کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی سیستەماتیک، کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم گازە کیمیاییانەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچانەی محەممەد باقر ڕێگری لە چوونە دەرەوەی قوتابییەکان کردووە و لە قوتابخانەی "جەعفەر سادق"یش ڕێگری لە بردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ناو پۆلەکان کراوە.


قوتابخانەی ئاسمانی شار لە تەورێز یەکێکی دیکە لەو قوتابخانانە بوو کە هێرشی کیمیایی کرایە سەر و بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئیزن بە قوتابییەکان نەدرابوو هۆڵەکانی خوێندن بەجێبهێڵن.


هەروەها لە شاری خوڕەم ئاباد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گاز لە دواناوەندی کچانەی بنت الهدی سەد ژمارەیەکی زۆری قوتابی ژەهراوی بوون و نامەی هەڕەشەئامێز بە نێوەڕۆکی "پابەندبوونی بە یاسای حیجاب" بۆدایک باوکی قوتابییان ڕەوانە کرابوو.


هاوکات لە شاری سنە، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی نەسیبە. بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لانی کەم ٨ قوتابی ئەم قوتابخانەیە ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


لە درێژەی ئەم هێرشانەدا، قوتابخانەی "ام السلمە" لە شاری دیزفوول، قوتابخانەی مەولانا لە شاری ئورمیە،، قوتابخانەی پارسە لە ئیسفەهان و دواناوەندی کچانەی موعەلم لە کرماشان کرانە ئامانجی هێرشی کیمیایی و ژمارەیەک قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە. هەروەها قوتابخانەی ناوەندی کچانەی فەرهەنگ لە ڕەوانسەر کرایە ئامانج و بەهۆی ژەهراوی بوونەوە لانی کەم دوو قوتابی بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.


هەنگاو پێشتر داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی لەلایەن ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چکوچۆڵ لە ڕاستای هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی ئێران کردبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە