هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ٩ قوتابخانە و لە زۆرینەی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بایکۆت بەڕێوەچوو

هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ٩ قوتابخانە لە شارەکانی؛ تاران، ئیسلامشار، کەرەج، ئورمیە، قەزوین، بابولسەر، هەرسین و شیراز، هەروەها زۆربەی قوتابییانی قوتا

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢١:٤١


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر ٩ قوتابخانە لە شارەکانی؛ تاران، ئیسلامشار، کەرەج، ئورمیە، قەزوین، بابولسەر، هەرسین و شیراز، هەروەها زۆربەی قوتابییانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بە نیشانەی ناڕەزایەتی پۆلەکانی خوێندیان بایکۆت کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١۶ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر دوو قوتابخانەی "تلووعی ئیسلام" و "ستایش" لە شاری تاران و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ لە کاتی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەی "ستایش"، بەرپرسانی قوتابخانەکە نەیانهێشتووە قوتابییان بچنە دەرەوە.


لە درێژەی ئەم هێرشە بەرنامەداڕێژراوانەدا پەیمانگەی کچانەی "تەلاش" لە ئیسلامشار سەر بە پارێزگای تاران کراوەتە ئامانج و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون کە نیشانەکانی ڕشانەوە و سەرەگێژە هەبووە، بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.


لە هێرشێکی جیاوازی دیکەدا بۆ سەر قوتابخانەی کچانەی "عەلی ناسری" لە شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان زیاتر لە ٣٠ قوتابی ژاراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی "شوهەدا"ی ئەو شارە گواستراونەتەوە.
هاوکات هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "تەراوەت" لە شاری ئورمیە و زیاتر لە ٤٠ قوتابی ژاواوی بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.


شایانی باسە کە قوتابییەکی قوتابخانەی "تەراوەت" کە ناوەکەی لای ڕێکخراوی هەنگاو پارێزراوە، لەم پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "کاتژمێرێک پێش ئەوەی هێرشی کیمیایی بکرێتە سەر قوتابخانەکەمان، ئۆتۆمبێلێک هاتە بەرهەیوانی قوتابخانەکە و ١٢ کەسی تێدا دابەزین و دەرگای چوونە دەرەوەی قوتابخانەکەشیان داخست.


بە وتەی شایەحاڵان، دوو کەس لەو هێزانە چوونەتە ژووری پەرەشکار (سرایدار) و هەموو کامێرا چاودێرییەکانیان کۆ کردووەتەوە و لەگەڵ خۆیاندا بردوونیانە. یەکێک لەو شایەتحاڵانە وتیشی: "هەموو ئەو کەسانە دەموچاوی خۆیان بە دەمامکی تایبەت داپۆشیبوو و پاش چوونی ئەوان لەو قوتابخانەیە، نیشانەکانی ژاراویبوون و ڕشکانەوەی قوتابییان دەستی پێ کرد".


لە پەیوەندیی بەم هێرشانەوە، قوتابخانەی "سولەیمانی" لە شاری کەرەج کراوەتە ئامانج. بەپێی گرتەڤیدیۆیە بڵاوکراوەکان دۆخی قوتابییە ژاراویبووەکانی ئەو قوتابخانەیە خراپ و ناجێگیر بووە.


هەر لە درێژەی ئەم هێرشانەدا هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "ئەمانەت" لە شاری بابولسەر سەر بە پارێزگای مازەندەران و کۆمەڵێک قوتابیی ئەو قوتابخانەیە ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.


هەروەها، لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "یاسی نەبی" لە شاری قەزوین، بنەماڵەی قوتابییانیش لەسەر ئەم هێرشە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕیوە.


هەر لەم پەیوەندییەدا لە زۆرینەی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد قوتابییان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر هێرشە کیمیایییە بەڕنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانەکان و قوتابییان، پۆلەکانی خوێندیان بایکۆت کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە