ئورمیە؛ گیان لەدەستدانی ژنێکی دووگیان دوای لێدانی دەرزی هەڵە

ژنێکی دووگیان بەناوی زێوەر عەرەبی چەند خولەکێک دوای لە دایکبوونی کۆرپەکەی لە نەخۆشخانەی "ئازەربایجان" لە شاری ئورمیە، بەهۆی لێدان

٢٥ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٢:٣١


هەنگاو: هەینی ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ژنێکی دووگیان بەناوی زێوەر عەرەبی چەند خولەکێک دوای لە دایکبوونی کۆرپەکەی لە نەخۆشخانەی "ئازەربایجان" لە شاری ئورمیە، بەهۆی لێدانی دەرزی هەڵە لە سرۆمەکەی لەلایەن پەرستارەوە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣) ژنێکی دووگیانی تەمەن ٣٣ ساڵ بەناوی زێوەر عەرەبی خەڵکی سەڵماس، لە ژووری لەدایکبوونی کۆرپە لە نەخۆشخانەی ئازەربایجانی ئورمیە، بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی هەڵە بۆ سرۆمەکەی گیانی لەدەست دا. کۆرپە تازە لەدایکبووەکەی ئەم ژنە زیندوو ماوەتەوە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم ژنە، دۆخی تەندروستی ناوبراو دوای لەدایک بوونی کۆرپەکەی ناجێگیر بووە و یەکێک لە پەرستارەکان پێچەوانەی ڕێنمایی پزیشک دەرزییەکی لە سرۆمەکەی داوە، کە دواتر بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە ناوبراو خاوەن منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵان بووە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەم ژنە لەمبارەوە ڕایگەیاند، جەستەی زێوەر عەرەبی دوای لێدرانی ئەو دەرزییە شین و کەوە بووەتەوە و چووەتە کۆما. ناوبراو بۆ بەشی چاودێری چڕ گواستراوەتەوە و لە کۆتاییدا بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستیی گیانی لەدەست داوە.


تەرمی ئەم ژنە ڕادەستی سارد خانە کراوە و وابڕیارە ئەمڕۆ، ٢٥ی خاکەلێوە بدرێتەوە بە بنەماڵەکەی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە